دەمێکی دی لیژنەی دەستوور کۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info-لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور بەردەوامە لە گفتوگۆکانی و تا ئێستایش ١١ مادەی پەسەند کردووە و بڕیاریشە ئەم ئێوارەیە دیسان کۆ ببنەوە.
ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور (فرسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، کۆبوونەوەکانی ئێمە لەبارەی ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستوور بەردەوامە و تا ئێستاش دیباجە و ١١ مادە پەسەند کراون کە مادەی یازدە باس لە ڕێکخستنی ھێزی پێشمەرگە و ھێزی ئاساییش و ناوخۆ دەکات لە دەستوور کە ھێزی ڕێکخراوی دەبن و بەرگری لە خاک و نیشتمان دەکەن و، لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون دروست دەکرێن و بە ھیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری سیاسی و ململانێی سیاسی وەرنادەن و، بەشداری لە دەستاودەستی دەستەڵاتدا ناکەن.
(فرسەت سۆفی) گوتیشی، بەپێی ھەمان مادە نابێت ھێزی میلیشیا ھەبێت لە دەرەوەی ئەو ھێزە ڕێکخراوانە و، لە ھەڵبژاردندا تەنها دەنگ دەدەن و خۆیان کاندید ناکەن و پڕوپاگەندەش بۆ ھیچ لایەنێک ناکەن.
گوتیشی، بڕیارە ئەم ئێوارەیە دیسان کۆ ببنەوە و مادە ١٢کەی تاوتوێ بکەن کە باس لە نەوتوگاز و سەروەت و سامان و یاسای نێودەوڵەتی دەکات.
(سۆفی) ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا گفتوگۆکە زۆر باش بەڕێوە دەچێ و، تەنها ئەو مادەیە ماوە تاوتوێ بکری کە باسی پێگەی ئایین دەکات لە دەستووردا.
بڵند ئیبراھیم




