٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەرزی دەرەکی سوودی سیاسی و ئابوورییشی ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، یاسای وەرگرتنی قەرز سوودی سیاسی و ئابورییشی ھەیە و، ڕێژەی بێکاری کەم دەکاتەوە لە ھەرێمی کوردستاندا؛ ئێستا لەبەر قەیرانی دارایی ١٠٠ھەزار کەس بێکارن. پرسمان بە شەرعزانان کردووە قەرزکردنەکە حەڵاڵە.

(ھیڤا حاجی میرخان) بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " دیارە ئەو بەینە پەرلەمانتاران پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزیان تاوتوێ کرد و، تاوەکو مادەی نۆ ھیچ کێشەیەک لە دەنگدانەکەدا نەبوو، بەڵام دواتر بەھۆی وەرگرتنی ڕای پەرلەمانتاران و، سەرقاڵی ئاگامان لەوە نەما ڕێژەی دەنگدانەکە تەواو نییە و، لە ڕێژە کەوتووە؛ دواتر لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت ڕێژەی دەنگدان لە مادەکانی دوایی تەواو نەبووە، بۆیە ئەمڕۆ دیسان مادەی ١٠ و، ١١ و، ١٢ و، ١٣ دەنگیان لەسەر درایەوە و، بە ٥٦ دەنگ هەرچوارەکەیانیان پەسند کردەوە.
گوتیشی، ئەو پڕۆژەیاسایە سوودەکەی زیاترە تا زەرەرەکەی؛ من خۆم زۆرم لێ کۆڵیوەتەوە و لە ڕووی سیاسی سودی زۆری ھەیە وەکو یاسای نەوت‌وگاز لە ھەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهان ناوی خۆی دەبێت و ئەو کۆمپانیایانەی وڵاتان دێنە ھەرێمی کوردستان، ئەو وڵاتانەی ئەوان پشتگیریان دەکەن، بۆیە سوودی زۆری ھەیە.
(ھیڤا میرخان) ڕوونیشی کردەوە، لە ڕووی ئابوورییشەوە سوودی زۆری ھەیە، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی کە ھەرێم گرێبەستی لەگەڵ کردووە و درێژخایەنن کە نیوەیان تەواو بووە ئەگەر پارەیان پێ نەدرێت ڕادەگیرێن و زیانی زۆری دەبێت و، ھەر قەرزاریان دەبین، چونکە زیانیان پێ گەیشتووە، بۆیە ئەگەر قەرز بکەین پارەی ئەوان دەدەینەوە و، دەست دەکەنەوە بە کاری خۆیان.
دەیشڵێ لەبەر قەیرانی دارایی ١٠٠ھەزار کەس بێکار کەوتوونە و، ئەو قەرزە  ڕێژەی بێکارییشی پێ کەم دەکرێتەوە.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی، ئێمە لەو بوارەدا پرسمان بە زانایانی ئیسلام و ئابووریزانانیش کردووە؛ ئەوان دەڵێن ئەگەر سوودی زیاتر بێت ھیچ  کێشەیەکی نییە.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار