ئومێد خۆشناو: پێویستە گەل بە ڕیفراندۆم بڕیار بدات

هەولێر-KDP.info-سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پێویستە گەل بە ڕیفراندۆم بڕیار بدات ئاخۆ پەرلەمان سەرۆکی ھەرێم هەڵبژێرێت یاخود خەڵک خۆیان ڕاستەوخۆ هەڵیبژێرن.
(ئومێد خۆشناو) سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە شێوازی ئێستای کاری پەرلەمانی لەبەر ئەوەی ھەموومان باوەڕمان بە سازان (تەوافق) ھەیە پێش ھەموو کۆبوونەوەیەک دەستەی سەرۆکایەتی لەگەڵ فراکسیۆنەکاندا کۆ دەبێتەوە بۆ دانانی بەرنامە کار، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆ جیاوازتر بوو لە جاران، ئاخر حەفتەی ڕابردوو فراکسیۆنی گۆران پڕۆژەیاسایەکیان دەرباری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم پێشکەش کردووە و، ئێمە ھەموو لایەنەکان قسەمان لەسەر کرد کە ئەو پرسە گشتییە و پەیوەندیی بە ھەموو لایەنەکانەوە ھەیە نەک تاکە لایەنێک، بۆیە ھەموومان بەو ئاراستەی قسەمان کرد ئەو بابەتانەی لە ڕاگەیاندن ھەیە خاوی بکەینەوە، بەڵام خەڵکی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە مافی خۆیانە ڕاستەوخۆ دەنگ بە سەرۆکی میللەتی خۆیان بدەن و، مافی ھیچ لایەنێک نییە ئەو مافە لە هاووڵاتیان وەربگرێتەوە و، گۆرینی شێواز بە ڕیفراندۆم دەکرێت و پێویستە گەل خۆی بڕیار بدات پەرلەمان نوێنەراتیی ئەوان بکەن یاخود خۆیان دەنگ بدەن."
(ئومێد خۆشناو) گوتیشی، پێویست ناکات ھیچ لایەنێک پڕۆژە بۆ ئەو بابەتە ھەبێت، چونکە ئەوبابەتە بۆ ھەمووانە ویاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بەرکارە و ئێستا ئێمە لیژنەی دەستوریمان ھەیە لەدەستوردا یەکلایی دەبێتەوە یاخود یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بەرکارە کە سەرۆکی ھەرێم نامە بۆ کۆمسیۆن ناردووە دەتواندرێت بەو یاسایە کار بکرێت و نابێت لە ڕای گەل بترسێن ھەڵبژاردن بکرێت.
وتیشی، ئێمە پێمان نایاساییە ھەر پڕۆژەیەک بۆ ئەو پرسە ھەبێت، چونکە سەرۆکی ھەرێم نامەی بۆ کۆمسیۆن ناردووە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێت، ئەگەر لایەنەکان لە ھەڵبژاردن بترسن و بیانەوێت سیستەمکە بگۆرن و لە پەرلەمان بیکەنە سەفقەیەکی حزبی ، ئێمە ئەوە ڕەت دەکەینەوە و یاسا بەکارە فەرموون لە ڕۆژی ھەڵبژاردن با سندووقی دەنگدان سەنگی مەحەک بێ، لە بری ئەوەی کێبڕکێ لەسەر پڕۆژە پێشکەش بکەن با کاندیدی خۆیان پێشکەش بکەن.
(خۆشناو) دەیشڵێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بیروڕای جیاواز ھەبووە و، جارێکیش نابڕێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




