باڵیۆزی میسر: نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا بەرز دەنرخێنین

هەولێر-KDP.info-باڵیۆزی میسر لە عێراق لەمیانی سەردانی بۆ لای سەرۆکوەزیرانی کوردستاندا رایگەیاند کە، نەبەردی و چاونەترسی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەیان بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین..ئامادەیی وڵاتەکەیشی بۆ وەبەرهینانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (حەسەن دەروێش) باڵیۆزی كۆماری میسری عەرەبی لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی میسر خۆشاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان پیشان دا و ئاماژەی بە پەیوەندییە لە مێژینەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و میسری كرد و هیوای پێشخستنی زیاتری ئەو پەیوەندییانەی لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا خواست و ئامادەییی وەبەرهێنەرانی وڵاتەكەیشی بۆ زیاتركردنی وەبەرهێنان لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.
نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگەیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەرز نرخاند و هیوای خواست دەستووری عێراق وەك خۆی جێبەجێی بكرێت و مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراو بێت، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش بە رێگای دەستووری و دیالۆگ چارە بكرێن. لە هەمان كاتدا دەستخۆشی لە حكوومەت و خەڵكی كوردستان كرد بۆ حەواندنەوە و پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی باڵیۆز میسری لە عێراق كرد و پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان كوردستان و میسری دووپات كردەوە و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ میسر لە هەموو ڕوویەكەوە دەربڕی و هەر ئاسانكاری و هاوكارییەكی دەزگاكانی حكوومەتی بۆ وەبەرهێنەرانی میسری لە هەرێم پیشان دا.
هەروەها تیشكی خستە سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستانی داعش و پلانەكانی داهاتوو بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ، جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە دەستووری عێراق وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەكردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ بەغدا دووپات كردەوە. ئاماژەی بەوەش دا كە حكوومەت و خەڵكی كوردستان هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ حەواندنەوە و پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران ئەنجامی دەدەن و لەوبارەیەوە درێغی ناكەن.




