سەرۆك بارزانی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو هێنا و گەڕایەوە هەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە 16ـی 6ـی 2015 (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری پاش سەردانیان بۆ وڵاتانی كوێت و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و دیداری لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەدا، كۆتایی بە سەردانە فەرمییەكەی هێنا و لە فڕۆكەخانەی ئەبوزەبییەوە لە لایەن (شێخ تەحنون بن زاید ئال نەهیان) جێگری ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتمانیی ئیمارات و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە بەڕێ خرا. هەر هەمان ڕۆژیش (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.
جێگەی ئاماژەیە، لەم سەردانە فەرمییەدا (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (عەلی سندی) وەزیری پلاندانان و (سەڵاحەددین بابەكر) وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێم یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوون.




