گرێ سپی بە تەواوی لە داعش پاک کرایەوە

ڕۆژاوای کوردستان-KDP.info- چەکدارە کوردەکانی سووریا ئەم سەرلەبەیانییە، بە تەواوی گرێ سپییان ڕزگار کرد کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیاوە؛ بەمەیش جەزیرە و کۆبانییان پێکەوە بەستەوە و، ڕێیەکی ستراتیژیشیان بۆ تورکیا بە ڕووی داعشدا داخست.
بەرپرسی ڕوانگای سووریا(ڕامی عەبدوڕەحمان) بە فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، پاش شەڕ و پێکدادانێکی توند، یەپەگە و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان، بە تەواوی دەستیان گرت بەسەر گرێ سپیدا، ئەمەیش پاش وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش دێ لەو ناوچەیە؛ ئەو دەیشڵێت، پاش شکستەکەیان، داعش بەرەو گوندەکانی ڕۆژاوا و باشووری شارەکە ڕایانکردووە، لەم سەرلەبەیانییەیشەوە گولـلەیەک لە گرێ سپی نەتەقیوە.
بەدەستبەسەرداگرتنی شارێکی ستراتیژیی پارێزگای ڕەققە لە لایەن کوردانەوە، بە واتای لەدەستدانی دیارترین مۆڵگەی داعشە لە سووریا و دیارترین دەروازەیەتی لە تورکیاوە کە بە هۆیەوە پێداویستییەکانی دابین دەکات. بەمەیش داعش تەنیا دەروازەی جەرابلسی باکووری حەلەبی بەدەستەوە دەمێنێ.
بە گوتەی (عەبدوڕەحمان) لەمەودوا داعشەکانی دێرئەلزوور دەبێ سەدان کیلۆمەتر ببڕن تا دەگەنە سوورەکانی تورکیا.
یەپەگە و گرووپە چەکدارەکانی دی، لە ١١ـی یۆنیۆ حوزێرانەوە، بە پشتیوانیی ئاسمانەهێرشەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی گرێ سپییان بەرپا کرد.
زریان زیاد




