پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر كێشە و خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و سووتەمەنی دەكات

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكاندا، كە ئەمڕۆ سەرلەبەیانی لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و كێشە و گرفتی خزمەتگوزارییەكان و كەمیی كارەبا و سووتەمەنی و پرسی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كرا، هەموو لایەكیش تەبا بوون لەسەر ئەوەی كە تێپەڕاندنی ئەم باردۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان، پێویستی بە گفتوگۆی ئارام و هەنگاوی بەرپرسانە هەیە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، (د. یووسف محەممەد سادق) سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، داوای لە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان كرد، لەم قۆناخەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا، كە گفتوگۆ لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت، هەموو لایەنەكان هەوڵی لێكگەییشتن و سازان بدەن، پشتیوانی پەرلەمانی كوردستانیشی بۆ لیژنە ٢١ كەسییەكەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوای خواست بتوانن پێكەوە دەستوورێكی پێشكەوتوو بۆ كوردستان ئامادە بكەن.
دواتر هەریەك لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بەو پرسانە خستە ڕوو.




