٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سۆران ئاهەنگێکی ئایینی بۆ پشتیوانی پێشمەرگە ساز کرد

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-لە پێشوازی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و بە مەبەستی پشتگیری لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ڕێزگرتن لە گیانی پاكی سەروەرانی كوردستان لە ژێر دروشمی (پێشمەرگە پارێزەری كوردستان و مرۆڤایەتی) ئاهەنگێک ساز کرا.

(وەیسی سەعید وەیسی) بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان،  تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئێستای عێراق و كوردستان، هەروەك پاڵپشتی و هاوكاری زانایانی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كردەوە، كە  ئەوان  لە سەنگەری بەرگریدانە و پارێزەری خاك و ئاڵای پیرۆزی كوردستانن؛ هەروەك ئەركی پیرۆزی پیشمەرگایەتیشی  بە ئەركێكی پیرۆزی  ئایینی دانا،  چونكە پارێزەری كوردستان و مرۆڤایەتین و ئەوانەشی لەم ڕێگایەدا خۆیان بەخت دەكەن دەبنە شەهید و، ناویان لە تۆماری سەروەراندا  تۆمار دەكرێ.
هەر لە ئاهەنگەكەدا چەند گوتارێك پێشكەش كران كە باسیان لە گەورەیی مانگی ڕەمەزان و ڕۆلی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرد لە بەرگری لە كوردستان.
داواشیان  لە هاووڵاتیان  كرد بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بكەن و هەوڵ بدەن پاراستنی ئارامیی كوردستان بكەنە فەرهەنگی خۆیان بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك هەوڵی زیاتر پاراستنی كوردستان بدەین.
لە كۆتاییدا چەندین سروود و ستاییشی ئایینی پێشكەش كران، كە گوزارشتیان لە خۆشەویستی گەلی كورد دەكرد بۆ ئایینی ئیسلام، پێشمەرگە، كوردستان و شەهیدان  بە چەندین دوعا و نزا و پاڕانەوە بۆ پێشمەرگە و خاكی پیرۆزی كوردستان ئاهەنگەكە تەواو بوو."

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار