٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەمەودوا دەستەی دەستپاکیی و میدیاکاران ماوەماوە کۆ دەبنەوە..٦٥ کەیسی گەندەڵی لە لێکۆڵینەوەدان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-DP.info-بەمەبەستی لێکنزیکبوونەوە و ئاگاداربوونی کارەکانی دەستەی گشتی دەستپاکی هەرێم، ئەمڕۆ سەرۆکی دەستە و میدیاکاران دوو سەعات و نیو پێکەوە دانیشتن و پرسی ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و باشترئەداکردنی کارەکانی دەستە و هەروەها دانانی نەخشەڕێیەکی باشتریان تاوتوێ کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیار درا بۆ لەمەودوا میدیاکاران و دەستەکە ماوەماوە کۆ ببنەوە.

ئەمڕۆ سەرۆکی دەستە و بەڕێوەبەرانی گشتی دەستەی گشتیی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنێک لەگەڵ میدیاکاراندا کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش ئامادەی دانیشتنەکە بوو، پلانە ستراتیژیکەکەی لەمەولای دەستەکەیانیان تاوتوێ کرد.
لە دەسپێکدا (د. ئەحمەد ئەنوەر) ڕۆشنایی خستە سەر کارەکانی دەستەکەیان کە ڕێک ماوەی ساڵێکە کار دەکەن و تا ئێستا توانیویانە ٦٥ کەیسی گەندەڵێ بدەنە لێکۆڵینەوە؛ بە شێوەی گشتی زیاتر لە ١٠٠ کەیسیان بۆ هاتووە بەڵام تەنیا ٦٥ کەیسیان کە هەقی لێکۆڵینەوەی تەواوی هەبوو داویانەتە لێکۆڵینەوە.
سەرۆکی دەستە تیشکی خستە سەر ئەو بەربەستانەی کە دێنە بەردەمیان، وەک نەبوونی بودجەی تەواو کە بەهۆی ئەو قەیرانەی کە لە هەرێم هەیە بۆ ئەوانیش گرفتە چونکە پێویسیتان بە ڕاهێنانی فەرمانبەران و خەرجکردنی پارە هەیە تا لە ڕووی توانستەوە ئاستی دەستەکەیان بەرەو پێشەوە بەرن؛ بودجەی مانگانەی دەستەکەیان ١٦٢ملیۆن دینارە.
(د. ئەحەمەد ئەنوەر) ڕایشیگەیاند کە، شەڕی داعش و قەیرانە داراییەکەی هەرێم لە لایەک و، بەزمی بەغدایش لە لایەک، کە پارەی تەواو نانێرێت، کاری کردووەتە سەر پرۆسەی چاکسازی و دەستەی دەستپاکییش.

وەک باسی کرد، دەستەکەیان بە هەموو شێوەیەک ڕووبەرووی گەندەڵی دەبێتەوە؛ ماوەی ساڵێکیشە فۆرمێکیان داوەتە بەرپرسانی حکوومەت  و پڕیان کردووەتەوە کە سەروەت و سامانیان چەندە، لەگەڵ ئەوەی کە سنووری کارکردنیان هەر لە کەرتی گشتی واتە حکوومەت نییە ئێستا کار لەسەر کەرتی تایبەتیش دەکەن.
(د. ئەحمەد) دەیشڵێت، کار دەکەن لەسەر فەرمانبەرانی پلە دوو و سێ کە بەشێکیان نادادپەوەرانە پلەکەیانیان دانراوە و هەروەها کار لەسەر بڕوانامەکانیش دەکەن.
ئەو دەڵێ، پێشنیازێکیان داوەتە حکوومەت کە بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامەکان بۆ ماوەی ٤ ساڵ بەشوەی گرێبەتس دابنرێن و دوای ئەو ماوەیە کەسانی دی دیاری بکرێن، هەروەها لەبریکار بە خوارەوە بۆ وەزارەکانی حکوومەت پلەکان بەرێگەی کارنامە (سیڤی) دابنرێت نەک هەر لایەنە و خۆی کەسێک دیاری بکات.
سەرۆکی دەستە لەسەر پێشنیازی زۆربەی میدیاکاران و دسەتەکەی خۆیشیانەوە بڕیاری دا کە ئێدی بۆ لە مەودوا کۆبوونەوەی دەوری لەگەڵ میدیاکاران دابنرێت بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوونی کەیسەکان و هەروەها دەوڵمەندکردنی کاری دەستەکەیشیان بە پێشنیازی میدیاکارنەوە تا لەچوارچێوەی یەک بۆرد کار بۆ باشترکردنی چاکسازی بکرێت.
جێی ئاماژەیە کۆبوونەوەکە بە مەبەستی لێکنزیکبوونەوەی دەستەی گشتی دەستپاکیی هەرێم و میدیاکاران سازدرا بەمەبەستی تاوتوکردنی پلانی ستراتیژی ئەو دەستەیە بۆ داهاتوو و هەروەها باشترئەداکردنی کاری دەستەکە.
شاو کوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار