نەورۆز مەولود: لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا سەرجەم ئەو زەویە بێ تاپۆیانە تاپۆدەکەین

ھەولێر-KDP.info- (نەورۆز مەولود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێم رایگهیاند، لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا سەرجەم زەویە بێتاپۆکان تاپۆ دەکرێن".
ئەمڕۆ (نەورۆز مەولود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێم کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەشاری ھەولێرو سازکرد، کە تایبەتبوو بەچارەسەرکردنی کێشەی ئەو زەویانەی تائێستا تاپۆنەکراون واتە کارت یان فۆڕمیان ھەیە.
(نەورۆز مەولود) گوتى: "لەماوەیەکی زۆر کورتدا سەرجەم ئەو زەویانە تاپۆدهکرێن کە "پێشبینیدەکەین کەمتر لەساڵێک بخایهنێت، سەرجەم زەویەکانی کوردستان تاپۆبکرێن".
ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ ١٤ھەزارو ٥٠٠ زەوی دیکەی ھاوڵاتیان لەناوچەی (گرد جۆتیار) لەشاری ھەولێر تاپۆکران، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتریش چوار ھەزارو ٥٠٠ پارچە زەوی دیکە تاپۆکران.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزیری شارەوانی ئاشکرایکرد، لەھەولێر ١٠٠ ھەزار زەویی و لەسلێمانیش ١٥ ھەزارو ٣٠٠ پارچە زەویی و لەدھۆکیش ٢٢ ھەزارو ٨٠٠ پارچە زەوی تاپۆنەکراو ھەیە، "کۆی گشتیان بریتیە لە ١٣٨ ھەزارو ١٠٠ پارچە زەوی".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار مژدەی ئەوەشی ڕاگەیاند، لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا سەرجەم ئەو زەویە بێ تاپۆیانە تاپۆدەکەن.




