بەلاغى کۆتایی کۆبوونەوەى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و نوێنەرانى حکوومەتى هەرێم لە دەرەوە

نەمسا -KDP.info- لە ماوەى رۆژانى 13-14/06/2015 بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى (قوباد تاڵەبانى) جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و ئامادەبوونى (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم، کۆبوونەوەى فراوانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و نوێنەرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە ئەنجام درا، بە مەبەستى دانانى میکانیزمى کار و هەماهەنگى و بەرنامەى کارى داهاتووى نوێنەرایەتییەکان و هەروەها باسکردنى رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە بۆ خزمەتى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان.
سەرەتاى کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانى پاکى سەرجەم شەهیدانى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستان و قوربانیانى پێشمەرگەى کوردستان لە شەڕى دژى داعش دەستى پێ کرد. پاشان بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى جێگرى سەرۆکوەزیرانى بۆ ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەکە کرد و وەک بایەخى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارەکانى نوێنەرایەتییەکانى حکوومەت لە دەرەوە وەسفى کرد.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى نوێنەرانى حکوومەتى لە دەرەوە کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەى کە لە ماوەى رابردوو ئەنجامیان داوە، هاوکات سوپاسى کردن بۆ ئەو رۆڵەى کە گێڕاویانە لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى. پاشان تیشکى خستەسەر گرینگى کۆبوونەوەکە و ئەو پرس و بابەتانەى کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێن و بیروڕا دەربارەیان ئاڵوگۆر دەکرێت و گوتى: ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستى لە نزیکەوه ئاگاداربوون و داڕشتنى میکانیزمى گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى نوێنەڕایەتییەکان و هەروەها هەماهەنگى نێوان فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و نوێنەرایەتییەکانى حکوومەت لە دەرەوە.
(فەلاح مستەفا) بە ناوى بەشداربووانى کۆبوونەوەکە زۆر سوپاسى نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لە نەمسا کرد بۆ میوانداریکردنى کۆبوونەوەکە و هەموو ئەو کاروبارانەى کە لە ڕووى پڕۆتۆکۆڵى بۆ سەرخستنى کۆبوونەوەکە ئەنجامیان دا.
(قوباد تاڵەبانى) جێگرى سەرۆکوەزیران بە ناوى خۆى و بە ناوى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە سوپاسى بەشدارى و ئامادەبوونى کرد. دواتر تیشکى خستەسەر رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە و ئەوەى کە لێیان چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامى بدەن. گوتیشى "کە ئەمڕۆ ئێمە دەنگمان لە دەرەوە دەبیسترێ، بوونمان لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە و رۆژانە لەگەڵ وڵاتان پەیوەندیمان هەیە. هەربۆیە بایەخى نوێنەرایەتییەکان وەک دامەزراوەکانى ترى حکوومەتە."
دواتر تیشک خرایەسەر دواپەرەسندنەکانى بوارى دارایی و سەربازى و مرۆیی و باسى لەو قەیرانانە و گەورەییی قەبارەى ئەو قەیرانانە کە لە ماوەى ساڵى 2014 رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بووەتەوە کە تائیستایش بەردەوامییان هەیە، هاوکات پلانى حکوومەتى بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە بۆ بەشداربووانى کۆبوونەوەکە خستەڕوو و باسى لە گرینگى رۆڵى نوێنەرایەتییەکان لە گەیاندنى پەیام و سیاسەتى حکوومەتى هەرێم لە بوارە جیاجیاکاندا بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد.
پاشان رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارى هەناردەکردنى نەوت و یاساى بوودجەى ساڵى 2015 وەک تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە زانیاریى پێویستى لەبارەوەخرایەڕوو.
هاوکات جەخت لەوە کرایەوە کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕواى بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنى هاوبەش هەیە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە لەگەڵ بەغدا.
جێگرى سەرۆکوەزیران ئەوەشى خستەڕوو کە هەرێمى کوردستان پابەندى رێککەوتنەکە و یاساى بوودجەیە و دەبێ بەغدایش پابەند بێت.
لەبارەى شەڕ دژى تیرۆرستانى داعشەوە، جێگرى سەرۆکوەزیران بە ناوى حکوومەتى هەرێم سوپاسى هەموو ئەو وڵاتانەى کرد کە لەم شەڕەدا لە ڕووى سەربازییەوە هاوکارى هەرێمى کوردستان بوون لە پێدانى چەک و تەقەمەنى و مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە، سوپاسى قارەمانێتى و بەرگریى هێزەکانى پێشمەرگەى لەو شەڕەدا کرد و گوتى: دەبێ هەوڵەکان چڕتر بکەیەنەوە بۆ بەدەنگەوەچوونى قوربانییەکان و چارەکردنى پێشمەرگە بریندارەکان. هەروەها داواى کرد کە بەهۆى فراوانى و بارگرانیى شەڕەکە حکوومەتى هەرێم پێویستى بە پشتیوانى و هاوکاریى زیاترى سەربازیى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە بۆ تەواو تێکشکاندنى تیرۆریستان.
لەبارەى پرسى مرۆیی و لێشاوى بەردەوامى پەنابەر و ئاوارەکانى ناوخۆ بۆ هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن کەس، جەخت لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنى هاوکاریى لێقەماوان کرایەوە. هاوکات تیشک خرایەسەر کاریگەریى ئەو ژمارە زۆرەى پەنابەر و ئاوارەکان لەسەر هەرێم بەتایبەتى لە ڕووى ژێرخانى ئابوورى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان. هەربۆیە پشتیوانى بۆ پلانى ئاژانسى نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕدرا بۆ کۆکردنەوەى یارمەتى و هاوکاریى مرۆیی بۆ ئاوارەکان، ئەوەش بۆ مەبەستى کەمکردنەوەى کێشە و گرفتەکانیان.
دواتر هەریەک لە نوێنەرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان راپۆرتى خۆیان دەربارەى کار و چالاکییەکانیان پێشکەش کرد. هاوکات باسیان لە کاریگەریى قەیرانى دارایی لە هەرێم لەسەر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتى کرد؛ هەروەها تیشکیان خستەسەر ئەو ئاستەنگانەى کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە کاتى کارکردنیاندا لە ڕووى بوونى زانیاریى پێویست و بەدەنگەوە هاتن و هەماهەنگیى دامەزراوەکانى ترى حکوومەتى هەرێم بۆ خواست و داواکارییەکانیان لە کات و پرسە جیاوازەکاندا. لەم رووەشەوە کۆبوونەوە بڕیارى دا کە هەوڵى تەواو بدرێت بۆ کەمکردنەوەى ئاستەنگەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتییەکان.
لە چەند دانیشتنێکدا کۆبوونەوەکە گفتوگۆى کرد دەربارەى تەوەرەکانى سیاسى و کار و هەماهەنگى و کارگێڕى و دارایی و پڕۆتۆکۆڵ و راگەیاندن و یاسایی پەیوەست بە کاروبارەکانى نوێنەرایەتییەکانى حکوومەت لە دەرەوە هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکردن و دانانى پلانى کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتییەکان بۆ داهاتوو، کۆبوونەوەکە بە چەند بڕیار و راسپاردەیەک لە ئێوارەى رۆژى یەکشەممە 14/6/2015 کۆتایی بەکارەکانى هێنا و هەموو لایەک جەختیان لە کارکردن و پابەندبوون بە خزمەتکردنى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە.
جێگەى باسە لە ئێستادا حکوومەتى هەرێمى کوردستان 14 نوێنەرایەتى لە دەرەوە هەیە لە هەریەک لە وڵاتانى ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمەریکا، ئێران، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، نەمسا، رووسیا، پۆڵۆنیا، ئوستڕالیا، سوید، بەلژیکا و سویسرا.




