پسپۆڕێکی بواری نەوت: پارەی نەوتی ھەرێم بەشی مووچە و وەبەرھێنان دەکات؛ با ئیدی سەربەخۆ نەوت بفرۆشین

هەولێر-KDP.info-پسپۆڕێکی بواری نەوت دەڵێت، ئەگەر ھەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت، نەک تەنها مووچە بەڵکو بوودجە بۆ وەبەرھێنان و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم دابین دەکات، کۆمەڵێک کۆمپانیا و وڵاتیش ھەن ڕاستەوخۆ نەوتی ھەرێم بکڕن.
بەغدا دەمێکە بە سیاسەتێکی ناڕەوایانە واز لە بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ناهێنێت، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کابینەکەی (مالکی) و، ئێستایش (عەبادی) هەر لەسەر ئەو بەزمە دەڕوات و، بەغدا پابەندی ڕێکەوتنەکەی خۆی و هەولێر نەبووە، پێوەست بەم پرسە، (د. بوخاری عەبدوڵا) ماموستای زانکۆ و پسپۆڕ لەبواری نەوت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێم و بەغدا متمانەیان بە یەکتری نەماوە، چونکە بەغدا پابەند نابێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، بۆیە پێم وایە ھەرێم تا ماوەیەکی دیکە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدا دەبێت بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە، بەڵام ئەگەر بەغدا جیددی نەبێت لەچارەکردنی کێشەکە ڕەنگە کێشەی زیاتر بکەوێتە بەینیان و، ھەرێم بۆ دابینکردنی مافە ئابورییەکانی خۆی ڕێگای دیکە بگرێتە بەر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی وەبەرهێنانی نەوتدا سەرکەوتوو بووە و ئێستا حکوومەتی هەرێم دەیەوێ ئاسایشی ئابووریی گەلەکەی بپارێزێت، باشترین ڕێگەیش بۆ دەستەبەرکردنی ئەو هەنگاوە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتە.لەو بارەیەیەوە، (د. بوخاری عەبدوڵا) ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەو ئەزموونە تاڵەی لەگەڵ بەغدا ھەمانە پێویستە ھەرێم ژێرخانی ئامادە کردبێت بۆ فرۆشتنی نەوتی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ کە وڵاتی کڕیار وکۆمپانیا ھەبێت و ڕێکاری باش گیرابێتە بەر بۆ ئەو مەبەستە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی نەوتی خۆی بفرۆشێت و پارەکە بە ئاسانی بگاتە ھەرێم، ئەگەرنا یەکسەر و ڕاستەوخۆ فرۆشتنی نەوت ڕەنگە ئاسان نەبێت.
ئەو پسپۆڕەی نەوت گوتیشی: "بە ڕای من ئێستا زەمینە خۆش کراوە و بەردەوامیش خۆش دەکرێت بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بفرۆشێت، چونکە ھەرێم متمانەی بە بەغدا نەماوە. ڕوونیشی کردەوە، ھەرێمی کوردستان جگە لە زەمینەخۆشکردن ڕەواییەکی نێودەوڵەتیشی لە پشتەوە ھەیە.
(عەبدوڵا) گوتیشی، ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا بە ئاگاداریی ھەندێک وڵاتی ئەوروپا و ئەمەریکا بووە کە ڕۆڵێکی یەکجار زۆری لە عێراقدا ھەیە؛ جا ھەرێم ماوەی چەند مانگێکە پابەندە بە ڕێککەوتنەکەوە، بۆیە زەمینە خۆش بووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کۆمەڵە کۆمپانیایەکی وڵاتان ڕاستەوخۆ نەوت لە ھەرێمی کوردستان بکڕن.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر بە بەرمیلی ٦٠ ــ ٦٥ دۆلار نەوتەکە بفرۆشرێت نەک تەنها مووچە بەڵکو بەشێک لە بوودجەی وەبەرھێنان و ئاوادانکردنەوەیش دابین دەبێت، لەبەر ئەوەی بەرھەمهێنانی نەوت لە ھەرێم ھەموو حەفتەیەک زیاد دەکات و بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی ھەیە لە کۆتایی ئەمساڵ ھەرێم نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت، کە ئەمەش پارەیەکی یەکجار زۆرە و بەشی ھەرێم دەکات و، ھەرێم بەرەو بووژانەوە و بەرەو پێشچوونی ئابووری و ژێرخانی ئابووری پتەو دەچێت.
بڵند ئیبراھیم




