لە رۆژئاوای كەركووك گورزێكی كوشندە لە داعش وەشێندرا

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك - دوبز رایگەیاند، لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك گورزێكی كوشندەیان لە داعش وەشاندووە و زیانێكی زۆریان پێ گەیاندوون، هەروەها تونێلێك و بڕێكی زۆری چەك و تەقەمەنی لەناو براون و ژمارەیەكی زۆر تیرۆریستیش كوژراون.
دكتۆر (كەمال كەركووكی) بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك – دوبز، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەعات ١١:١٥ خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی غەرەوە تیرۆریستانی داعش بە هاوەن هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای كەركوك سنووری لیوای١٠-ی هێزی پێشمەرگە و، پاشان پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دانەوە و دواتر هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكە جەنگییەكان كرا و بە چڕی بۆردوومانیان كردن، لە ئاكامدا تۆنێلێك و هاوەنێك و چەكەكانی دیكەیشیان لەناو بران و ژمارەیەكی زۆر كوژراویشیان هەیە".
دكتۆر (كەمال) گوتیشی، ئەو تونێلەی دروست كرابوو، چەك و تەقەمەنییەكانیان تێدا دەشاردەوە، بەڵام لەناو برا.
دەشڵێت، لە ناوچەكانی مورە و مەنسوورییە و سەدەوە داعش پێنج هاوەنیان گرتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی وەڵامیان درایەوە و بێدەنگ كران.
بڵند ئیبراهیم




