٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی تەتەر: پێویستە بە دۆکیۆمێنت پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێککەوتنەوە، بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ببگەیەنین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو داتاكان بكاتە دۆكیومێنت و بەسەر كۆنسووڵخانەكاندا دابەشی بكات و، بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز و دۆستانیشی ڕوون بكاتەوە كە بەغدا بە رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمدا پابەند نییە.

(عەلی تەتەر) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ بدات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە رێككەوتنێكێ راست و دروست، تا لە بەرانبەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ئێمە نەبینە هۆی ئەوەی كە پابەند نین بە رێككەوتنەكەوە، چونكە رێككەوتنێك كراوە و پێویستە هەردوو لایەن پێیەوە پابەند بن و جێبەجێ بكرێت".

(تەتەر) گوتیشی: "من خۆم هیچ بڕوام بە عێراق نییە كە هیچ رێككەوتنێك جێبەجێ بكات، چونكە لە ساڵی ١٩٩١ـوە تاوەكو ئێستا حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئێمە راست نەبووە، بەڵام پێویستە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز و دۆستانمان ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ئێمە راست بووین و لە هەموو دەرگایەكمان داوە، بۆ ئەوەی كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارە بكەین، بەڵام ئەوان ئامادە نین، ئەمە سەرەڕای ئەوەیش كە هەرێم پابەند بووە بەرێككەوتنەكە و زیاد لەو رێژە نەوتەی بۆی دیاری كراوە، رادەستی بەغدای كردووە".

ڕوونیشی كردەوە، "حكوومەتی عێراق كە پابەند نییە بە رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمدا، پێویستە حكوومەتی هەرێم ئەو داتا و پابەندبوونی ئێمە و پابەندنەبوونی ئەوان بە شێوەیەكی رێكوپێك كۆ بكاتەوە و بیكاتە دۆكیومێنت و بەسەر كۆنسووڵخانەكانی وڵاتاندا دابەشی بكات كە زۆر گرینگی بەو پرسە دەدەن و دۆست و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكەینەوە كە لەم دۆخەدا سیاسەتی عێراق بەرانبەر هەرێم بەم شێوەیەیە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا، "بۆ ئەو مەبەستەیش بارودۆخی دەرەوە زۆر هاوكارە بۆ ئەوەی لەو هەنگاوەدا سەركەوتوو بین بە تایبەت لەم قۆناخەدا، بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتیان پشتگیریمان بكەن سەركەوتوو دەبین، چونكە لە سیاسەتدا هەموو شتێك مومكینە و سیاسەتیش هونەرە، هیچ كەسیش دەوڵەت بۆ ئێمە دانامەزرێنێت و پێویستە خۆمان دەوڵەت دروست بكەین، بۆیە ئەگەر لەگەڵ سەركردایەتیی كوردستاندا هاوكار بین، ئەو خەونەمان دێتە دی".
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار