سەرۆك بارزانی یاسای جێبەجێ كردووە.. هەندێك لایەن دەیانەوێت دۆخەكە ئاڵۆز بكەن

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە دەسەلمێنێت كە (سەرۆك بارزانی) چاوی لەوە نییە هەڵبژاردن نەكرێت و، ئەو بڕیارەی داویشیەتی تەواو یاساییە و بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە.
مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی دكتۆر (ساڵح مەلا عومەر عیسا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەبارەت بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە رۆژی٢٠/٨/٢٠١٥ لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كە بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم پێویستە ٦٠رۆژ پێش كۆتاییهاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم ئەمە رابگەیەنێت هەڵبژاردن بكرێت، سەرۆكی هەرێم یاسای جێبەجێ كردووە، بەڵام ئەمە بۆ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەگەڕێتەوە كە تا چەند دەتوانن ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدەن یاخود پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە، ئەگەر نەیتوانی ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ئەو كێشەیە بە بڕیارێك چارە دەكات".
دكتۆر (ساڵح مەلا عومەر) گوتیشی، یاسایەك دەستەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە كە چۆن مامەڵە بكات، بۆیە ئەو بڕیارەی دەریكردووە تەواو یاساییە و یاسای جێبەجێ كردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەیش دەكەوێتە ئەستۆی كۆمیسیۆن كە ئایا دەتوانێ ئەنجامی بدات یاخود نا.
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە، "هەندێك لێدوانی لابەلا و كەسی دەدرێن، بەڵام پێویستە ئێمە تەماشای ئەوە بكەین رەفتارەكان تا چەند یاسایین، چونكە هەندێك كەس و لایەن شتێكیان لە بیری خۆیاندا داناوە كە بارودۆخی هەرێم بەو ئاڕاستەیە بچێت كە ئەمە بە هیچ شێوەیەك لە بەرژوەندیی گشتیدا نییە و، ناكرێت ناشارەزایانە قسە لە بارەی پرسێكی یاساییەوە بكرێت، بۆیە (سەرۆك بارزانی) هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە كە بەپێی یاساكانی پەرلەمان ئیدارەی هەرێم بكات".
دەشڵێت، "ئەو بڕیارەی (سەرۆك بارزانی) ئەوە دەسەلمێنێت كە چاوی لەوە نییە هەڵبژاردن نەكرێت و وەكو سەرۆكی هەرێم بمێنێتەوە، ئەو بە بێ هیچ داواكارییەك داوای كردووە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت، لە كاتێكدا هەرێم پێویستی بە (سەرۆك بارزانی)ـیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشیش، چونكە سەركەوتنەكان ئەوەیان سەلماندووە، بەڵام هەندێك لایەن بۆ دەستكەوتی سیاسی دەیانەوێت بارودۆخێك دروست بكەن كە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نییە".
بڵند ئیبراهیم




