عەبدولحەکیم خەسرۆ: کۆکین لە دەستووردا دەوڵەتێکی مەدەنیمان هەبێ

هەولێر-KDP.info- ئەندامی ئامادەکردنی دەستووری کوردستان بۆ راپرسی (د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) دەڵێت، هەموولایەک بە ئیسلامییەکانیشەوە کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتێکی مەدەینمان هەبێ. دەیشڵێت، سەرۆکی هەرێم بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم ئەرکە یاساییەکەی بەجێ گەیاند.
هەنگاو بەهەنگاو لیژنەی ئامادەکردنی دەستووری کوردستان بۆ راپرسی ماددە دەستوورییەکان پەسەند دەکەن، ئەوان بە گوێرەی یاسایەک کار دەکەن کە ژمارە چواری ساڵی 2015یە، ئامانجیان کارکردنە بۆ ئەوەی دەستووری هەرێم بە شێوەی ددانپێدانراوی هەمە لایەنە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا ئامادە بکرێت و هەرێم ئیدی ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، چونکە گەلێک بۆچوونی واهەن کە ئەگەر دەستوور بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە ئیدی هەرێمی کوردستان هیچ بۆشایێکی یاسایی نابێت.
لەبارەی گرینگی دەستووری هەرێمی کوردستان، ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور (د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) وێرای باسکردنی بایەخی دەستووری هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان لەبابەت پرسگەلێکی دیکەیشەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لێدوانی دا، کە ئەوان ئێستا وا هەنگاو بەهەنگاو خەریکی پەسەندکردنی ماددەکانی دەستوورن و رایگەیاند "لەئێستادا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی دەستوور گفتوگۆ دەکەین و ھەمووان لەسەر ماددەکانی دەستوور کۆکن و کاری باشیش کراوە و بەردەوامین لەسەری، بۆیە رێککەوتووین سیستەمی حوکمڕانی لە ھەرێم کۆماری دیموکراتی پەرلەمانی بێت، بەڵام دواتر کۆمەڵێک پرس ھەن کە پێوەندی بە دەستەڵاتەکان و پێوەندیی نێوان دەستەڵاتەکانهوه ھەیە کە وردەکارین لە کاتی خۆی باس دەکرێن".
لەئێستادا پێشمەرگە تەواوی ئەو سنوورانە دەپارێزێت کە خاکی کوردستانن و لە ڕووی جیۆگرافیاوە پێشمەرگە تێیاندا باڵادەستە و لە رووی ناسنامەیشهوه خاکی کوردستانن، سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئاخۆ ئەو ناوچانە لە دەستووردا چۆنچۆنی پێناسە دەکرێن؟ (د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) دەڵێت، سنووری ھەرێمی کوردستان لە ڕووی مێژوویی و جیۆگرافییەوە کە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا تا ئەمڕۆ وەک ناسنامەی کورد دانراوە، بۆیە ئێمە لەو چوارچێوەیە دامانناوە کە جگە لە چوار پارێزگاكهی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک کۆمەڵێک ناوچە لە پارێزگای دیالە و مووسڵیش ھەیە و دانراون.
ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی مێژوویی دا کە ئەویش دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم بوو کە دەکەوێتە 20-8-ی 2015، بە گوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، سەرۆکی هەرێم پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم زیاتر چەسپاند و بۆ گشت گەلانی دیاری کرد کە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پابەندی دیوکراتیەتە، لەبارەی ئەم پرسەوە (عەبدولحەکیم حەکیم خەسرۆ) وێڕای ئاماژەکردن بەم پرسە کە هەرێمی کوردستان کەناڵێکی دیموکراتیی رۆژهەڵاتی ناوینە، رایدەگەیهنێت کە، بە گوێرەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکی ھەرێم60رۆژ پێش کۆتاییھاتنی وادەی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم داوا لە کۆمسیۆن دەکات رێکارەکان بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن و ئەو ئەرکە یاساییەیشی بەجێ گەیاند.
هەروەها گوتی، دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھیچ پەیوەندی بە لیژنەکەی ئەوانەوە نییە.
لیژنەی ئامادەکردنی دەستووری هەرێم کۆکراوەی پارتە کوردستانییەکانی هەرێمە، لیژنەکە لە 21 کەس پێکدێ، بەڵام کورسییەک بە چۆڵی هێشتراوەتەوە، لەنێو ئەو 20 کەسەی کە کار دەکەن عەلمانی و ئیسلامی هەن و، سەبارەت بە تێڕوانینی ئەو دوو رەوتەیش لەبابەت دەستوورەوە (خەسرۆ) ڕوونی کردەوە، "شتێک نییە بە ناوی عەلمانی و ئیسلامی و لە کاتی کارکردنمان لە پرسی دەستووردا، ھەموو لایەنە سیاسییەکان رێز لە نفوزی ئیسلام دەگرن و ئایینەکانی دیکەش رێزیان لێ دەگیرێت، بەڵام گرینگە کە دەوڵەتێکی مەدەنیمان هەبێت و هەموو لایەکیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتێکی مەدەنی هەبێت و، رێزیش لە ئایینی ئیسلام بگیرێت. دەوڵەتێکی مەدەنی لەسەر مافی هاووڵاتیبوون، جیاوازیی زۆرمان لەسەر دەستوور نییە".
بڵند ئیبراھیم




