٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاریی کۆبوونەوەی نێوان حدکا و پەکەکە

سەرچاوە: KDP.info

کۆیە-KDP.info-  ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نیوان حدکاو پەکەکە لە کەشێکی دۆستانە بەڕێوە چوو، هه‌ڵبه‌ت لەسەر کۆمەڵێک بنەما ڕێک کەوتوون، بەڵام ھیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو نەکراوه‌.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداربووی کۆبوونەوەکە (محەمەد قادرنەزیفی) بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە بارەگای پارتەکەی ئێمە بۆ جاری دووەم کۆبوونەوەیەکی سێ‌سەعاتەمان لەگەڵ پەکەکەدا کرد و، باسی پەیوەندیی ھەردوو لایەن و، کێشەکەی بەینێ لەمەوبەری نێوانی خۆیشمانمان کرد."

(محەمەد قادرنەزیفی) گوتیشی، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لەوە کرد پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھاوکاری یەکتر بن؛ ناکرێت کۆسپ بخەنە ڕێی خەباتی یەکتری و، ئێمە سیاسەتی خۆمان خستە بەردەم ئەوان و، باسمان لەوە کرد ئەو شەڕەی قەوما چاوەڕواننەکراو بوو.


ھەروەھا گوتیشی، ئێمە کۆمەڵێک پێشنیارمان خستە بەردەم ئەوان و، ئەوانیش باسیان لەوە کرد ئامادەن لە چوارچێوەی خاڵی ھاوبەش ھاوکاری بن و کۆمەڵێک ڕاوبۆچوون ھەبوو پێویستی بەوە ھەبوو لە کۆبوونەوەیەکی دیکە باسی لێوە بکرێت، بۆیە پێویستە لەماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە میکانیزمێک لە بەرژوەندیی ھەردوو لا بێت.
(محەمەد قادرنەزیفی) ئەوەشی خستە ڕوو، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ھیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو نەکرا، بەڵام لەسەر کۆمەڵێک بنەما ڕێک کەوتوون.
ڕاشیگەیاند، ھێزی ئێمە لە شوێنی خۆی دەمینێتەوە و ناکشێتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.


(قادرنەزیفی) ھێمای بۆ ئەوەش کرد، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوە چوو، دوور لە ھەڵچوون و ھیچ حەساسیەتێک.
(قادرنەزیفی) راشیگەیاند کە، ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە چارەکردنی کێشەی نێوانمان جێی ڕێزە، کە ھەر لە سەرەتاوە ھەنگاوی زۆر باشیان نا بۆ ئەوەی شەڕەکە ڕابگیرێت و، لە یەکمان نزیک بکەنەوە، بۆیە ھەر لەسەر پێشنیاری ئەوان کۆ بووینەوە.


بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار