٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئارام شێخ محەممەد: عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی بەغدا مەركەزییە و مەترسیدارە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی بەغدا بە شێوەیەكی مەركەزی، یەكێكە لە عەقڵیەتە ترسناك و كوشندە و مەترسیدارەكان؛ ده‌یشڵێت، ئەو عەقڵیەتە لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە ئەم وڵاتەی پێ بەڕێوە براوە و، وڵاتەكەی تووشی كارەساتی گەورەی مرۆیی و شەڕی نێوخۆیی گەورە كردووه‌تەوە.

جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئارام شێخ محەممەد) ده‌ڵێت، "تاوەكو ئێستا عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی بەغدا بە شێوەیەكی مەركەزی یەكێكە لە عەقڵیەتە ترسناك و كوشندە و مەترسیدارەكان، كە بەهۆی ئەو عەقڵیەتەوە بەڕێوەبردنی وڵاتێكی فرەپێكهاتە و جیاواز لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و مێژووییەوە، یەكێكە لە پاشماوەكانی ئەو عەقڵیەتەی لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە ئەم وڵاتەی پێ بەڕێوە براوە و، وڵاتەكەی تووشی كارەساتی گەورەی مرۆیی و شەڕی نێوخۆیی گەورە كردووه‌تەوە و، بەردەوام سەقامگیریی نێوخۆیی بە خۆوە نەدیووە و بەرهەڵستیی چەكداری تێدا هەبووە".

(ئارام شێخ محەممەد) لە بارەی كێشەكانی هەرێم و بەغداوە به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاندووه‌: "بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوت نەفرۆشێت، پێویستە حكوومەتی بەغدا چارەسەری كێشەكان بكات، ئەوەندەی كە ئێمە لە پەیوەندیدان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوان ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی كێشەكان بەشێوەیەكی یەكجاری چارەسەر بكەن، چونكە ئەو پارەیەی حكوومەتی عێراقی رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكات لە بری ئەو بڕەنەوتەی دەخرێتە سەر سۆمۆوه‌ بەشی پێداویستییەكانی نێوخۆیی  ناكات و ئەو پارەیە كەمە.''

ئه‌و زیاتر گوتی، ''پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەندییەك نییە تەنها بریتی بێت لە پەیوەندی نێوان نەوت و پارە، بەڵكو پەیوەندی نێوان دوو پێكهاتەیە كە لەوڵاتێكدا پێكەوە دەژین و بابەتێكی سیاسییەو پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، تێكچوونی ئەو پەیوەندییەش تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداو دواتر تێكچوونی پەیوەندی نێوان دوو پێكهاتەیە.''

گوتیشی ''كارمان كردووە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا دەست پێبكاتەوە تاوەكو پڕۆژە یاسای بوودجە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، چارەسەركردنی ئەو بابەتەش لە دەست حكوومەتی بەغدایە.''

هەواڵی پەیوەندیدار