داعش ڕۆژانە ٥ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات

دیالە -KDP.info-سەرچاوەیەكی ئەمنی لە دیالە ئاشكرای دەكات، بەهۆی گرتنەوەی دوو ناوچەی گرینگ لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، كە هەردوو ناوچەكە نەوتەڵانیان لێیە، ئێستا ڕۆژانە داعش نزیكەی ٥ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات كە پێشتر لەو دوو نەوتەڵانەوە دەستی دەكەوت.
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، (سادق حوسێنی) ئەمڕۆ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، لە لایەن هێزەكانی دیجلە بەهاوكاری چەكدارانی حەشدیشەعبی، لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، نەوتەڵانی "علاس و عەجیل" هەردووکیان ئازاد كراون و ناوچەكە بە تەواوەتی لە چەكدارانی داعش پاك كراوەتەوە.
سادق حوسێنی ئاماژەشی دا، بە هۆی ئازادكردنی ئەو دوو ناوچەیەوە، ئێستا ڕۆژانە داعش نزیكەی ٥ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات، چونكە پێشتر نەوتی ئەو دوو نەوتەڵانەی بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشت و بە شێوەی قاچاخ ڕەوانەی ناوچەكانی دیكەی دەكرد.
كاروان جاف




