شاندێكی پارتی بەشداریی لە كۆبوونەوەی لیبراڵ ئینتەرناشیۆناڵدا كرد

سویسڕا-KDP.info- لەسەر بانگهێشتی فەرمیی لیبراڵ ئینتەرناشیۆناڵ و بە نوێنەرایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، (شێركۆ حەبیب) ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و (سەربەست كەریم) بەرپرسی ناوچەی سویسرا، بەشدارییان لە كۆبوونەوەی ژمارە 194ـی لیبراڵ ئینتەرناشیۆناڵدا كرد كە لە شاری زیورخ لە سویسڕا ساز كرا.
لە میانەی بەشداری و ئەو كۆبوونەوانەی ئەنجام دران سەبارەت بە كارەكانی لیبراڵ ئینتەرناشیۆناڵ و باسكردنی سیستەمی فیدراڵی و سەربەخۆیی لە ئەورووپا، شاندی پارتی بە چەند گفتوگۆیەك بەشدارییان كرد و باسیان لە ئەزموونی كوردستان و خواستی میللەتەكەی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بە شێوازی ریفراندۆم و دیالۆگ كرد.
هاوكات تیشكیان خستە سەر هەلومەرجی ئیستای كوردستان و رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پارێزگاریكردن لە دیموكراسی و پێكەوەژیان ، جەختیش كرایەوە كە میللەتی كورد لە بری سەرجەم ئازدیخوازان بەرگری لە ئازادی دەكات.
هەروەها شاندی پارتی ئاماژەی بە رۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرد دژ بە شەڕی تیرۆر و هەوڵەكانی بۆ پاراستنی ئارامی و تەبایی و پێكەوەژیان.
شایانی باسە، شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان، تاكە شاندی بەشداربوو لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بوو و، هەروەها لە پەراوێزی كۆبووبەوەكان دكتۆر (فلیب) پەرلەمانتاری بەریتانیا ئاماژەی دا كە وەك حزبی لیبراڵ دیموكرات بەنیازن لە كۆتایی ئەمساڵ كۆڕبەندێك لەسەر دۆزی كورد لە بەریتانیا ساز بكەن.




