هەڵوێستی بەغدا جێی سەرسووڕمانە.. هۆكاری دواكەوتن و كەمیی بوودجەی هەرێم دیار نییە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەینێت، هەڵوێستی حكوومەتی عێراق لەبارەی نەناردنی بوودجەی هەرێمەوە جێگای سەرسووڕمانە و، هەر مانگێك بە شێوەیەك بوودجەی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكەن و هیچ هۆكارێكیش دیاری ناكەن.
(نەجیبە نەجیب) ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەڵوێستی حكوومەتی عێراق جێگای سەرسووڕمانە و تا ئێستایش هۆكاری دواكەوتن و كەمیی بوودجەی هەرێمی كوردستانیان دیاری نەكردووە كە ئایا سیولە نییە یاخود كە پارە هەبوو دەینێرن یانیش ئەوە بەشی هەرێمی كوردستانە، هەر مانگێك بە شێوەیەك پارە ڕەوانە دەكەن و هیچ هۆكارێكیش دیاری ناكەن".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان گوتیشی: "تا دەرگای گفتوگۆ و دانوستان مابێت و بەسوود بێت، هەوڵی لێكتێگەییشتن دەدەین، وەكو حكوومەتی هەرێم رایگەیاندووە هەرێم پابەند دەبێت بەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام بە ئاشكرا بەغدا ستەم دەكات و بەردەوامیشە، تا ئێستایش ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستانی لە بەرچاو نەگرتووە، لە هەمان كاتیشدا دانوستان بەردەوامە و هەر كاتێك گەییشتینە ئەو راستییەی حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە بێبەشكردن و پابەندنەبوون بە دەستوور و یاسای بوودجەوە، ئەو كاتە هەرێمی كوردستانیش رێگای دیكە دەگرێتە بەر بۆ فرۆشتنی نەوت یاخود واژۆكردنی رێككەوتنێكی نوێ".
نەشوان بەرزنجی




