سهرۆك بارزانی و سهرۆككۆمار بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانی

ههولێر-KDP.info- ئهمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (د. فواد مەعسووم) سەرۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ دۆخی سیاسی و ئهمنیی عێراق و ناوچهكهیان خسته بهر باس و، ههردوو لایش بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانی.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆریستان لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە خرایە بەر باس و، ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی كرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دابینكردنی ئارامی و ئاساییش بۆ هاووڵاتیان و یارمەتیدانی ئاوارەكان.
هەر لەم دیدارەكەدا جەخت لە پێویستیی نزیكبوونەوەی پێكهاتەكانی عێراق و خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی كرایەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و تێیدا، لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان هەردوولا بەردەوامی گفتوگۆ و دیالۆگیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانی.
ژیان و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆك بوو و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە، هەوڵەكان بۆ پێشكەشكردنی زیاتری هاریكاریی نێودەوڵەتی و دابینكردنی كۆمەك و یارمەتی بۆ ئاوارەكان چڕ بكرێتەوە، بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە تواناكانی هەرێمی كوردستاندا نییە و، پێویستە دەزگە پەیوەندیدارەكانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جیددیتر بە دەنگ ئەو كێشەیەوه بێن.




