فرسەت سۆفی: لە ماوەیەكی دیاریكراودا دەستوور ئامادە دەبێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دەڵێت، تاوەكو ئێستا دیباجە و ١٠ ماددەی دەستوور پەسەند كراون و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە ماوەیەكی دیاریكراودا دەستوور ئامادە دەبێت.
ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور (فرسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لیژنەكەیان بەردەوامە لە كۆبوونەوەكانی لەبارەی پڕۆژەی دەستوور و تاوەكو ئێستا دیباجە و ١٠ ماددە لە دەستوور پەسەند كراون، هەروەها كارەكانیش زۆر بە باشی بەرێوە دەچن و هەفتەی داهاتوویش كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن.
(سۆفی) گوتیشی: "ماددە سەرەكییەكان پەسەند كراون، وەكو سنوور و ئاڵا و مافی چارەی خۆنووسین و حوكمڕانی و پێكهاتەكان".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دەشڵێت: "تاوەكو ئێستا هەماهەنگیی نێوانمان زۆر باشە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەتوانین لە ماوەیەكی دیاریكراوداو دەستوور ئامادە بكەین".
لیژنەی ئامادەكردنی دەستور لە ٢١ كەس پێك دێت و پێویستە لە ماوەی٩٠ رۆژدا پڕۆژەی دەستوور بۆ راپرسی ئامادە بكات.
بڵند ئیبراهیم




