هەشت دز لە سۆران دەستگیر كران

سۆران-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی سۆران رایگەیاند، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هەشت دز و دوو كەس كە حەبی بێهۆشكەریان پێ بووە، بەپێی بڕیاری دادگا دەستگیر كراون و ددانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە.
نەقیب (محەممەد عەلی) بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە سنووری شارۆچكەی سۆران چەند حاڵەتێكی دزیكردنی جۆراوجۆر روویان دا، لەوانە دزینی پارە لەناو ئۆتۆمبێل و دوكان و ماڵان و شوێنە گشتیەكان و، هەروەها بردنی كلاشینكۆف و كەلوپەلی دیكە، بە تایبەتی دزینی پەلەوەر كە لەناو گەڕەكەكانی شاری سۆران ببووە دیاردە، توانیمان لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هەشت دز دەستگیر بكەین لەسەر ئەو دزیانەی كە كراون و هەموویشیان ددانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە".
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، ئەوەیشی خستە ڕوو: "دوای ئەوەی لە كەركووك ئۆتۆمبێلێك دزرا، ئێمە ئاگادار كراینەوە كە هاتووە بۆ سنووری سۆران، توانیمان ئەو كەسە دەستگیر بكەین و ئێستایش ئۆتۆبێلەكە ئامادە كراوە بۆ ئەوەی رەوانەی كەركووك بكرێتەوە".
گوتیشی: "هەموو ئەو دزانە دوای چاودێریكردنێكی ورد لە لایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران لە ماوەیەكی كەمدا ئاشكرا كراون و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر كراون".
نەقیب (محەممەد) ئاماژەیشی دا، هەر لە و ماوەیەدا دوو كەسی دیكە بە هەماهەنگیی دامودەستگاكانی سۆران دەستگیر كراوان كە بڕی 12 گیلۆ گرام حەبی بێهۆشكەریان پێ بووە.
گوتیشی، هەموو دزەكان خەڵكی سۆران و دەوروبەرین، 3 دز پێكەوە بوون و ئەوانی دیكەیش بە جیا ئەو دزیانەیان كردووە.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، زیاتر گوتی: "بە شێك لە ئاشكراكردنی دزەكان پەیوەندی بە دامودەستگاكانی حكوومەت و هاووڵاتیانەوە هەبووە، هەندێكشیان لە رێگەی كامێرای چاودێرییەوە ئاشكرا بوون، داوایش لە هاووڵاتیان دەكەین كامێرای چاودێری دابنێن".
رابین شێروانی




