حەفتەی دادێ، پرسی شارەوانی هەڵەبجە یەکلا دەکرێتەوە

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تاوەكو ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگا دوو كۆبوونەوەی لەبارەی گەندەڵیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لەسەر پرسی زەویوزار كردووە و بڕیارە حەفتەی دادێ ئەنجوومەن دوابڕیار لەبارەی لادان یاخود مانەوەی شارەوانی هەڵەبجە بدات.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد كاكە رەزا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەبارەت ئەنجامدانی گەندەڵی لە زەویوزاردا لە پارێزگای هەڵەبجە، لیژنەیەكی ئێمە سەردانی ئەو ناوچەیەی كرد و راپۆرتێكی ٤٨لاپەڕەییان ئامادە كرد و هێنایانەوە بۆ ئەنجوومەن، دواتر سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە بانگهێشت كرا و راپۆرتەكەی بۆ خوێندرایەوە و داوای كرد كاتی پێ بدرێت بۆ ئەوەی وەڵام بداتەوە، سێشەممەی رابردوویش دووەم دانیشتنمان ئەنجام دا و بەشێك لە راپۆرتەكەدا خوێندرایەوە و كۆمەڵێك وەڵامی دایەوە، پێمان گوت وەڵام بەم شێوەیە نابێت و پێویستە بە نووسراو و باوەڕپێكراو بن، ئەم جارەیش داوای كاتی كرد، بۆیە كاتمان پێ دا".
(كاكە رەزا) گوتیشی: "ئەمە یەكەم كاری ئەنجوومەنە و كارەكەیش فراوانە، لەبەر ئەوەیش كاتمان پێ دا بۆ ئەوەی نەكەوینە هەڵەوە و بڕیارێكی دادپەروەرانە بدەین".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی راشیگەیاند: "چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا ئەنجوومەن دانیشتنێكی دیكە لەوبارەیەوە ئەنجام بدات و دوابڕیاری خۆی لەبارەی شارەوانەوە بدات كە ئایا لابدرێت یاخود لە پۆستەكەی بمینێتەوە".
ئەوەیشی خستە ڕوو، لە هەڵەبجە زێدەڕۆییەكی زۆر كراوەتە سەر زەوی و بێسەروبەرییەكی زۆریشی پێوە دیارە.
بڵند ئیبراهیم




