زیادكردنی مووچەی پێشمەرگە، پێوەستە بە چارەكردنی كێشەی داراییەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، زیادكردنی مووچە و باشكردنی گوزەران و ژیانیان، پێوەستە بە چارەكردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان.
(ئاری هەرسین) سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە ساڵی رابردوودا پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای ژمارە 19ـی تایبەت بە زیادكردنی مووچە و باشكردنی گوزەرانی پێشمەرگەی پەسەند كرد، لە ئێستادا چاوەڕێی چارەكردنی قەیرانی دارایی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی یاساكە".
(هەرسین) گوتیشی: "بە گوێرەی بڕگەیەك، جێبەجێكردنی یاساكە پێوەست كراوە بە چارەكردنی قەیرانی داراییەوە، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت لەم بارودۆخەدا حكوومەت ناچار بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە، هەر كاتێك قەیرانی دارایی چارەسەر بوو و بوودجەی پێشمەرگە لە بەغدا هات، پەرلەمان هەمواری یاساكە دەكاتەوە و ئەو بڕگەیە لادەبرێت كە باس لە قەیرانی دارایی دەكات و مووچەی پێشمەرگە زیاد دەكرێت و هاوتای وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت".
رابین شێروانی




