٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەبارەت بە دۆخی خورماتوو هۆشداری دەدرێتە حكوومەتی هەرێم

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info- لە بەیاننامەیەكدا دانیشتووانی شارۆچكەی خورماتوو و كاسبكاران و پیشەوەران داوایەك ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن لە سەر داخستنی ڕێگای خورماتوو - بەغدا و دۆخی ئەمنیی شارۆچكەكە و، هۆشداریش لەبارەی مەترسییەكان لە سەر نەتەوەی كورد دەدەن.
لە بەیننامەكەدا كە كۆپییەكی ئاڕاستەی ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كراوە، هاتووە: "ئێمە وەك دانیشتووانی شارۆچكەی خورماتوو و كاسبكاران و پیشەوەران داواتان لێ دەكەین هەموو هەوڵێكی خۆتان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگای خورماتوو - بەغدا بە تەواوەتی بكرێتەوە، وەك ئاشكرایە بە هۆی داخستنی ئەو ڕێگایەوە خەڵكێكی زۆر بێكار بوون و زیانیان پێ گەییشتووە، ئەمە جگە لەو مەترسیانەی بە هۆی چەكدارە شیعەكانەوە لەسەر ئەو ڕێگا ستراتیژییە گرینگە دروست بووە".
هاوكات داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكەن بە جیددی كار بۆ بەتەواوی كردنەوەی ئەو ڕێگایە بكەن و ڕێگری لە رفاندن و كوشتنی هاووڵاتیانی كورد بگرن كە ماوەیەكە بووەتە دیاردە بە هۆی داخستنی ئەم ڕێگایەوە. ئەمە جگە لەوەی سەدان كارگە لە كار كەوتوون و سەدان كرێكار بێكار بوون كە بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو كارگە و چێشتخانانەی ئەو ڕێگایەیە.
لە بەشێكی دیكە بەیاننامەكەدا هاتووە: "سووتاندنی دوكانی كوردەكان لە ناو بازاڕی گەورەی شارۆچكەكە لە پەرەسەندندایە و ئەمەیش وای كردووە كاسبكارانی كورد ئەو بازاڕە جێ بهێڵن، ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە بكەرانی ئەم تاوانانە ئاشكران و لایەنە ئەمنییەكانی دووزخورماتوو زانیاریی تەواویان لایە".
لە درێژەی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی خورماتوو لەناو داواكارییەكەیان بۆ حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاماژەیش بەوە دراوە، بە هۆی نالەباریی دۆخی ئەمنیی خورماتووەوە، ژمارەیەكی زۆری خێزانە كوردەكان كۆچیان كردووە و ئەمەیش لە داهاتوودا كاریگەریی نەرێنیی دەكاتە سەر ڕێژەی كورد لە خورماتوو و مەترسی لەسەر كوردستانیبوونی ئەم شارۆچكەیە دروست دەكات.
كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار