حدكا چاوەڕوانی پەكەكە دەكات دیسان كۆ ببنەوە

هەولێر-KDP.info-جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت، دوای ئەوەی لە هەولێر بە سەرپەرشتیی حكوومەتی هەرێم ئێمە و پەكەكە كۆ بووینەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا كۆبوونەوەی دیكە بكرێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كۆبوونەوەی داهاتوو كەی دەكرێت و چاوەڕوانی پەكەكە دەكەین بۆ كۆبوونەوە.
(حەسەن شەرەفی) جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە كۆبوونەوەی هەولێردا بڕیار درا بۆ چارەسەركردنی كێشەكە درێژە بە گفتوگۆیەكان بدەین و لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی دیكە بكرێت، بەڵام وەك دیارە تا ئێستا حكوومەتی هەرێم كات و شوێنی كۆبوونەوەی داهاتووی دەستنیشان نەكردووە و چاوەڕوانی پەكەكە دەكات بۆ ئەوەی ئامادەیی خۆی پیشان بدات بۆ كۆبوونەوە".
گوتیشی: ئێستا لە سنووری كێلەشین ڕەوشەكە ئارامە، ئێمە لە لایەن خۆمانەوە هەوڵدەدەین ئەو ڕەوشە هەر بەردەوام بێت، تا لە كۆبوونەوەكان دەگەینە ئەنجامێك، تا گفتوگۆكەمان لەگەڵ پەكەكە بەردەوام بێ، نامانەوێت كێشە دروست بكەین، بەڵام ئەو هێزەی ئێران هێنابوویە سەر سنوور هەر ماوە، لەگەڵ ئەوەیش هێزێكی زۆری پەكەكە لە ناوچەكە هەیە.
ڕابین شێروانی




