٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوەیت خوازیارە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-کونسوڵی کوەیت لە میانی سەردانی بۆ لای سەرۆکوەزیرانی کوردستان، خواستی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران و لایەنە پەیوەندارە فەرمییەكانی كوەیتی بۆ برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجاكاندا لە كوردستان دووپات كردەوە و داوای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش بكات تا ببێتە هاندەرێك بۆ وەبەرهێنانی كوەیتی لە هەرێمی كوردستان.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (د. عومەر ئەلكەندەری)، یەكەم كونسوڵی گشتیی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان كرد و بە بۆنەی دەستبەكاربوونییەوە پیرۆزبایی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و عێراق و كاردانەوەكانی ئەو شەڕە لەسەر هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا، بەتایبەتیش داڵدەدانی نزیكەی ملیۆنێك هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر. لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی كوێت پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ ئەو هاوكارییە مرۆییانە دەربڕی كە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە دەرفەتی كار و وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە كوێتییەكان لە هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە كونسوڵی كوەیت خواستی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران و لایەنە پەیوەندارە فەرمییەكانی كوێتی بۆ برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجاكاندا لە كوردستان دووپات كردەوە و داوای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش بكات تاكو ببێتە هاندەرێك بۆ وەبەرهێنانی كوەیتی لە هەرێمی كوردستان، كردنەوەی كونسڵخانەی گشتیی كوەیتیشی لە هەرێمی كوردستان بە دەرفەتێكی گرینگ بۆ برەودان بەو پەیوەندییانە لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان كوەیت و هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئامادەیی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكی دەزگا و لایەنە پەیوەندارەكانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە كوەیتیەکان پیشان دا تا لە هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا وەبەرهێنان بكەن بە تایبەتی لەو بوارانەدا كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیەتی وەك بوارەكانی كشتوكاڵ، گەشتیاری و بوارەكانی دیكە، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندارەكان ڕادەستپێرێت.


لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ژمارەیەك لە ڕۆژنامەوان و میدیاكارانی كوەیتی ئامادە بوون، كە تیایدا (نێچیرڤان بارزانی) باسێكی دەربارەی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان تا ئەم ساتەش خوازیارە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كێشەكانی چارە بكات و عێراقی بە ڕەهەندێكی جوگرافی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، بازرگانی و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان لە قەڵەم دا، بەڵام جەختی لەوەش كردەوە ئەگەر ئەم جۆرە مامەڵەیەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، بە ناچاری بیر لە ڕیگەچارەیەكی دیكە دەكەنەوە.

لای خۆیانەوە شاندی ڕۆژنامەوان و میدیاكارانی كوەیتی خۆشاڵیی خۆیان بۆ پێشكەوتن و پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزار و كەرتەكانی دیكە دەربڕی و هیوایان خواست كە لەو بوارانەدا هاوكارییەكی جددی لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوێتدا بێتە كایەوە و بۆ ئەمەش بوونی كونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان، بە هەنگاوێكی گرینگ لە قەڵەم دا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار