٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەرەداخی هەمان روونكردنەوەی یەكیەتیی زانایان دووبارە دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای (راكێشانی مایە)ـی پەسەند كرد، یەكیەتیی زانایان روونكردنەوەیەكیان بڵاو كردەوە و، تێیدا گلەییان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، كە دەبوو پێشتر پرسیان بە زانایان كردبا بۆ روونكردنەوەی لایەنی شەرعی، دواجار روونكردنەوەكە دەڵێت، ئەم جۆرە مامەڵەیە ریبایە، بەڵام ئەگەر بووە ناچاری ئەوا رێگەی تێدەچێت بە قەد پێویستی، بۆ ئەمەیش چەند دەقێكی قورئانی و چەند قاعیدەیەكی شەرعییان كردە بەڵگەی قسەكانیان، كە پوختەكەی دەڵێت: "ئەگەر  هەرێمی كوردستان هەموو دەرگا دروستەكانی بە روودا داخران و، ژیان و گوزەرانی خەڵكیش كەوتە ناخۆشی و پشێوییەوە، دروستە بە ئەندازەی پێویستی ئەم قەرزە بكات و بژێویی ژیانی خەڵكی پێ‌ دابین بكات".

دوابەدوای روونكەردنەوەكەی یەكیەتیی زانایان هەندێك لە راگەیاندنەكان هەڵمەتێكی سیاسییان دژی ئەم روونكردنەوە شەرعییەی زانایان دەست پێكرد، بۆ قسەكانیشیان پشتیان بە قسەكانی دكتۆر (عەلی قەرەداخی) دەبەست، گوایە (قەرەداخی) گوتوویەتی، روونكردنەوەكەی یەكیەتیی زانایان لاوازە، بەڵام ئێستا دوای گەڕانەوەمان بۆ ماڵپەڕی تایبەتی دكتۆر (قەرەداخی) رێك پێچەوانەكەیمان بینی، دكتۆر (عەلی قەرەداخی) وێڕای ئەوەی بەڵگەكانی روونكردنەوەكەی یەكیەتیی زانایانی پێ زۆر بەهێزن، تەنیا یەك لە بەڵگەكانی ئەوانی باس كردووە، ئەنجامیش هەمان قسەی یەكیەتیی زانایان دەكات و پێی وایە باشتر وابوو پێشتر پرس بكرێت تا رێگەچارەی دیكە بدۆزنەوە، هەروەها دەڵێت: "ئەوەی گومانی تێدا نییە كە لە حاڵەتی ناچاریدا ئەوە لەسەر ئاستی تاك بێت یان دەوڵەت، كە دەقە حەرامەكان حەڵاڵ دەكات، لەم بارەیەیشەوە دەقی زۆرمان هەیە لەوانەیش ئەو ئایەتەی كە دەفەرموێت (فَمَنِ اچْگُرَّ غَیْرَ بَاغٍ ۆڵا عَادٍ فَڵا إِپْمَ عَڵیْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِیم) البقرە 173، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت ئەم حاڵەتە لەسەر بنەمای توێژینەوە و داتای راستەقینە و كەسایەتیی باوەڕپێكراو بن، لە هەمان كاتدا پێداویستییەكانیش رێژەیین و هەریەكە بە ڕێژەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت".

بە كورتی ئەوەی زانستیانە تەماشا بكات بۆی دەردەكەوێت، كە دكتۆر (عەلی قەرەداخی) جەخت لەسەر هەمان روونكردنەوەكەی یەكیەتیی زانایان دەكاتەوە، تەنیا جیاوازییەكە ئەوەیە روونكردنەوەكەی یەكیەتیی زانایان بەڵگەی روونتری تێدایە و، دكتۆر (قەرەداخی)ـیش هەندێك زاراوەی ئابووری بەكار هێناون بە بێ ئەوەی كەمترین جیاوازی لە ناوەڕۆكیاندا هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار