بەلژیکا خوازیارە چەند پڕۆژەیەک لە هەرێم ئەنجام بدات

هەولێر-KDP.info-لەمیانی سەردانی بۆ لای سەرۆکوەزیرانی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلژیکا رایگەیاند کە، وڵاتەکەی خوازیارە چەند پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 9/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (دیدیەر ڕیندەرز) جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلژیكا بۆ بازرگانی و كاروباری یەكێتیی ئەورووپا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا (ڕیندەرز) خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان خوازیارن چەند پڕۆژەیەك لە بواری ئاو و ووزە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن بە تایبەت كە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئاسانكاریی یەكجار زۆر بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەكان دەكات لە كاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان.
هەروەها ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند و باڵیۆزی نوێی وڵاتەكەیشی بە سەرۆكوەزیران ناساند كە بڕیارە مانگی 12ی ئەمساڵ دەست بەكار بێت.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلژیكای كرد و باسی لە خراپیی ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان كرد و هۆكارەكەشی بۆ ڕەوانەنەكردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە گەڕاندەوە كە بەهۆیەوە زۆربەی پڕۆژەكانی حكوومی وەستێنراون، بەڵام پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت جووڵەی تێدایە و خەریكە دەكەوێتە سەر ڕێچكەی خۆی، ئەمەش دوای ئەوەی وەبەرهێن و بازرگانەكانی بیانی ئەو باوەڕیان بۆ دروستبوو كە لە هەرێم دڵنیایی هەیە و لە ڕووی ئاساییشەوە دەڤەرێكی ئارامە و یاسای وەبەرهێنانیش لە هەرێم هاندەرێكی دیكەیان بوو كە ئاسانكاریی یەكجار زۆریان بۆ دەكات.
هەروەها ئەوەی خستە ڕوو كە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر لە ملیۆنێك و پێنجسەد هەزار كەسە و لە 32 كەمپدا جێگیر كراون و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانیش تەنیا بۆ پێداویستییە بەپەلەكان بەكار دەهێنرێن، هاوكارییەكانی دیكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێن و نەتەوە یەكگرتووەكان تیایدا هاوكاریی حكوومەت ناكات.
ئەوەشی خستە ڕوو كە پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان ڕووبەڕووی دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی بووەتەوە و ڕۆڵی ئەو تیمە سەربازییەی بەلجیكاشی بەرز نرخاند كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئێستای عێراق وەك كابینەی پێشوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات بە تایبەت لە بڕینی بودجە و مووچەی كارمەندانی هەرێم و بەشداریپێنەكردنی نوێنەرانی هەرێم لەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییانەی لەبارەی ڕەوشی عێراق و شەڕی دژی داعش ڕێكدەخرێن، بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانین بەو شێوەیە بەردەوام بین و جێبەجێنەكردنی دەستوریشی بە هۆكاری كۆی كێشەكان ز سەرەكی ئەو ڕەوشە نوێیەی ئێستا لە عێراقیش دروست بووە بۆ جێبەجێنەكردنی دەستووری هەمیشەیی و قەبوڵ كرد.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی بەلژیكا لە عێراق خواست و ئامادەیی حكوومەتی بۆ هەر ئاسانكاری و هاوكارییەك دەربڕی.




