هێزی ئازادكردنی مووسڵ ئامادە كراوە.. مانگێكی دیكە نابات هێرش دەكرێت

مووسڵ-KDP.info- ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر داگیركردنی مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تێدەپەڕێت، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەسەر پشكی پارێزگای مووسڵ و نوێنەری كۆتای شەبەك رایدەگەیێنێت: "ئەو هێزەی بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ پێك هێنراوە، لە ئامادەباشیدان و تەنیا ماوە چەك بگات". دەشڵێت، مانگێكی دیكە ناخایەنێت دەست بە هێرشكردن بۆ سەر مووسڵ دەكرێت.
(سالم جومعە شەبەك) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری كۆتای شەبەك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو هێزەی بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ پێك هێنراوە، لە ئامادەباشیدان و پێكهێنانی تەواو بووە و هیچ كێشەیەكیش نییە، هەروەها ژووری عەمەلیاتیش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا تەواو بووە و تەنیا بابەتی هونەری و چەك ماوە بگاتە دەستیان، دواتر سەرۆكوەزیرانیش بڕیاری هێرشكردن بۆ سەر مووسڵ بدات".
(شەبەك) گوتیشی: "كارەكە زۆر كەمی ماوە و بە ڕای خۆم مانگێكی دیكە ناخایەنێت سەعاتی سفر بۆ دەستكردن بە پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ دیاری دەكرێت، هێرشەكەیش لە چوار میحوەرەوە دەكرێت كە لە سێ لاوە پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی كردووە و بە تەواوی زاڵە بەسەر تیرۆرستاندا، تەنیا میحوەری باشوور ماوە ئەویش سوپای عیراق ئامادەن بۆ ئازادكردنی ئەو شوێنە، تەنیا گەییشتنی چەكی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە پێویستە".
نوێنەری كۆتای شەبەك زیاتر گوتی: "چەند رۆژێك بەر لە ئێستا لەگەڵ وەزیری بەرگری باسی ئازادكردنی مووسڵمان كرد و گوتمان تا مووسڵ ئازاد نەكرێت هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق كۆتایی نایەت، وەكو دەزانین لە سووریاوە دێن، جگە لەوە، بە ئازادكردنی مووسڵ، رزگاركردنی رەمادییش ئاسان دەبێت، بەڵام وا دیارە ڕای سەركردە و سەرۆكوەزیران و وەزارەتی بەرگری بە شێوەیەكی دیكە بوو".
نەشوان بەرزنجی




