جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلژیكا: دەبێ پشگیریی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكرێت

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلژیكا، ئاماژە بە قارەمانیی هێزی پێشمەرگە دەدات و دەڵێت: "هێزی پێشمەرگە سەقامگیریی ناوچەكەی پاراستووە، بۆیە دەبێ پشگیریی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكرێت".
گوتیشی: "زۆر سەرسامم بەو پێشوازییەی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی دەرگا بۆ ئەو هەموو ئاوارانە بە تایبەتی گەیاندنی خزمەتگوزاری و پێداویستی بۆیان، لەكاتێكدا من چاوم بە نوێنەرایەتیی كەمایەتییەكان كەوتووە و ئەوانیش باسی ئەو هەماهەنگییەیان كردووە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا بە مەبەستی هاوكاریكردنیان، وێڕای ئەوەی كە ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوكاریی مرۆیی و پرۆسەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا، ئەمەش زۆر گرینگە بۆ ئێستای ناوچەكە كە پێكەوە بە یەك دەست و یەك تیم كار بكەین".
(دیدییە ریندیرز) ئاماژەیشی دا: "بە جیددی كار بۆ سەقامگیری و بونیادناوەوە دەكەین، بۆیە دەبێت پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان هەردوولاماندا بەهێز بكرێت، دووبارە سوپاسی ئەو پێشوازییە دەكەم و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش دەكەم كە داعشیان تەواو لاواز كردووە".
جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلژیكا دەشڵێت: "زۆر سەرسامین بە ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە كە بەرانبەر گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆرستی لە جیهان وەستاوەتەوە و، بوونەتە مایەی سەقامگیریی ناوچەكە".
كارزان هەورامی




