٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد ڕەئووف: بەغدا لە ڕێککەوتنەکەی پەشیمانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ڕەخنە لە سیاسەتی حكوومەتی عێراق دەگرێت و باوەڕی وایە كە، بەغدا نایەوێت بەشەبوودجەی كوردستان بنێرێت. دەشڵێت: "لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین تا ئەو كاتەی سەرجەم بەڵگەكان كۆ دەكەینەوە و بۆیان ڕوون دەكەینەوە چییان بەرانبەر هەرێمی كوردستان كردووە".

(محەممەد ڕەئووف) یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "جۆرێك لە پەشیمانبوونەوە لەلایەن عێراقەوە سەبارەت بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا هەیە، بۆیە عێراق دەیەوێت پێمان بڵێت كە هەر ئەوەندەم پێ دەكرێت و لەوە زیاترم لە دەست نایەت، ئەگەر هەشیبێت لەوە زیاتر بەشەبوودجەی هەرێم نادات، چونكە باوەڕی پێی نییە و پێمان دەڵێن ئەگەر نەوتی خۆتان هەیە، بیفرۆشن".

(محەممەد ڕەئووف) گوتیشی: "دەبوو ئەم مانگە بە تایبەتی بەغدا بڕەپارەیەكی باشی بناردایە، چونكە هەرێمی كوردستان بڕی هەناردەی نەوتی بۆ 550 هەزار بەرمیل نەوت بەرز كردووەتەوە، بەلایەنی كەمەوە دەبوو ئەگەر ترلیۆنێك دیناری نەناردایە بیتوانیایە بڕێك كەمتر لەوەیش بنێرێت نەك ئەوەی ئێستا كە 500 ملیار دینارە، بۆیە ئەمەی بەغدا دەیكات جۆرێكە لە پاشگەزبوونەوە لە رێككەوتنە نەوتییەكە".

یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی دەشڵێت: "ئێمە بۆ پڕكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران ناچارین ئەو بڕە وەربگرین، ئەگەرنا ئەو پارەیە ڕەت دەكەینەوە، چونكە هەموو حزبەكان بڕوایان بەوە هەیە ئەم پارەیە كەم یان زۆر بێ، دەبێت حكوومەت وەریبگرێت، بەڵام چەندی كورت هێناوە رۆژانە تۆماری بكات، چونكە ئەوە پێشێلی دەستوورە".
راشیگەیاند: "ئێمە جارێ لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین تا ئەو كاتەی سەرجەم بەڵگەكان كۆ دەكەینەوە و بۆیان ڕوون دەكەینەوە چییان بەرانبەر هەرێمی كوردستان كردووە".

كارزان هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار