ئامینە زکری: پێویست ناکات ناوچەکانی ناسراو بە ماددەی ١٤٠ لە دەستووردا بنووسرێتەوە

هەولێر-KDP.info- لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، دوو پێشنیازی لەبارەی دیاریكردنی سنووری هەرێمی كوردستان لە نووسینەوەی دەستووری نوێدا پێشكەش بە لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور كردووە.
(ئامینە زكری) ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دانیشتنێكمان لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ كە پسپۆڕن لە بواری جوگرافیا و مێژوو و سیاسەت، ساز كرد بۆ ئەوەی ڕا و بۆچوونەكانی خۆمان پێشكەش بە لیژنەی دەستوور بكەین لە بارەی سنووری هەرێمی كوردستان، پێیشمان وایە ئەو ناوچانەی بە ماددەی 140 ناسراون لە دەستووری عێراقدا، بە مەبەست و لەلایەن رژێمی بەعسی ڕووخاوەوە دەستكاریی جیۆگرافیایان كراوە".
(ئامینە) گوتیشی: "دوو پێشنیازمان بۆ لیژنەی دەستوور هەبوو، یەكەمیان سنووری جیۆگرافیای كوردستان هەمووی دیاری بكرێت كە لە دەستووری پێشوودا هەبوو و دەوڵەمەند كراوە، بە مەرجێك پێش ساڵی 1968 بێت، بۆ ماددەی 140ـیش پێمان وایە ئەو ناوچانە بە تایبەتی پاش ئەوەی كە پێشمەرگە قارەمانەكان ئەو ناوچانەیان بە خوێن ئازاد كرد و هەندێ ناوچەی دیكەیش ماون كە بووەتە واقیع، بۆیە پێویست ناكات لە پڕۆژەی دەستووردا باسی ئەو ماددەیە بكرێت؛ دووەمیش باسی هیچ سنوورێك نەكرێت وەكو لە دەستووری ئیسڕائیلدا هاتووە، بەڵكە سنووری هەرێمی كوردستان بەپێی قەوارەی جیۆگرافی باسی بكرێت و لەگەڵ سنوورە ئاسمانی و زەوییەكان دەبێت لە ژێر فەرمانڕەوایی هەرێمی كوردستاند بێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیاتر گوتی: "ئەم دوو پێشنیازەمان داوە بە لیژنەی دەستوور لەبارەی سنوور و، بە بڕوای ئێمە لیژنەكەیش بە بایەخەوە وەری دەگرن".
لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی، دوێنێ دووشەممە شەش ماددەیان لە دەستووری نوێ نووسییەوە و پەسەندیان كرد، ماددەی پێنجەم تایبەت بوو بە سنوور و سێ خاڵی لێ پەسەند كرا، خاڵی چوارەم مایەوە كە تایبەتمەندییەك بدرێت بە كەركووك و ناوچە كوردستانییە ئازادكراوەكان و سنوور دابڕێژرێتەوە.
نەشوان بەرزنجی




