ئێمینکی: سەرکەوتنی هادەپ دڵمانی خۆش کرد

هەولێر-KDP.info-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی هادەپ لە هەڵبژاردنی تورکیادا خۆشحاڵی کردین و دڵنیاین دۆزی کورد لە تورکیادا بەرەو قۆناخێکی دیکە دەبات.
دەقی پەیامەکە:
بە بۆنەی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی گەلان كە لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا زیاتر لە 13%ـی دەنگی بەدەست هێناوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كورد لە توركیا و پارتی دیموكراتی گەلان (هادەپ) دەكەین، كە بۆ یەكەمین جار بەربەستی 10%ـی دەنگی دەنگدەران بۆ پەرلەمانی توركیا تێپەراند، بەم سەركەوتنەش گەلی كورد لە باكوور، كە ئەم حزبە سیاسییە نوێنەرایەتی دەكات، دۆزەكەی بەرەو قۆناغێكی تر دەبات و دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ بەجێهێنان و چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەم سەركەوتنەی (هادەپ) لەم كاتوساتەدا كە سەردەمی مافی ڕەوای گەلی كوردستانە، دڵخۆش و شادمان دەكات، و بە سەركەوتنی ئاشتی وئازادی دەزانین، و دەسكەوتێكە بۆ هەموومان و ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە كە گەلی كورد بەرجەستەكردووە لە ململانێی سیاسی وباوەربوونی بە ئاشتی و دیموكراسی كە بە ڕێگایەكی سەركەوتوو دەزانێت بۆ چارەكردنی كێشەكانی.
دووبارە پیرۆزبایی لە گەلانی توركیا دەكەین و، خوازیارین ئەم سەركەوتنە لە هەڵبژاردنەكاندا ببێتە فاكتەرێكی تری سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی و دیموكراسی و بەهێزكردنی پێكەوەژیان و خەباتی جێگیركردنی دیموكراسی لە وڵاتی توركیادا.
د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
8/6/2015




