نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا ئەنجامی هەڵبژاردنی تورکیایان بۆ داهاتووی کورد بەرز نرخاند

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا) لە دیدارێکدا باسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا كرد، كە بۆ یەكەم جار تیایدا حزبێكی كوردی سەركەوت و چووە پەرلەمانی توركیاوە و هەردوولا بە خۆشحاڵییەوە گرنگیی ئەنجامەكانیان بۆ پاشهڕۆژی گەلی كورد لە توركیا بەرز نرخاند و هیوایان خواست كە ببێتە هاندەرێك بۆ بەرقەرابوونی ئاشتی لە تەواوی توركیا و چارەسەركردنی پرسی كورد لەو وڵاتە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 8/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی سەردانی (نەوشێروان مستەفا) ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هەروەها پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی كاروبارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی ئایندەیان باسكرد و پرسی كێشەكانی بواری نەوت و داهاتەكانی هەرێمی كوردستانیان تاوتوو كرد.
هەر لە دیدارەكەدا باسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا كرد كە بۆ یەكەم جار تیایدا حزبێكی كوردی سەركەوت و چووە پەرلەمانی توركیاوە و هەردوولا بە خۆشحاڵییەوە گرنگیی ئەنجامەكانیان بۆ ئایندەی گەلی كورد لە توركیا بەرز نرخاند و هیوایان خواست كە ببێتە هاندەرێك بۆ بەرقەرابوونی ئاشتی لە تەواوی توركیا و چارەسەركردنی پرسی كورد لەو وڵاتە.




