سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی تورکیا

ئانکارا-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی تورکیا(ئەحمەد داوودئۆغڵو) بە دۆخێکی قورسدا گوزەر دەکا؛ پارتیی دادوگەشەپێدانیش کە 13 ساڵە بە تەنیا فەرمانڕانە، لە ئەم هەڵبژاردنەدا زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانی لە دەست دا کە پێشووتر فرچکی پێ گرتبوو، هەربۆیە بە ناچاری لە شەریکێک دەگەڕێ تا حکوومەتی لەگەڵدا پێک بێنێ.
بۆ (داوودئٶغڵو) کە وەک سەرۆکی ئاکەپە چووە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازەوە، ئەنجامەکان گەلێک خراپ کەوتنەوە، ئاخر ئەو نەیتوانی جەماوەر و دەنگەکانی بپارێزی و وەک خۆی بیانهێڵێتەوە، ئەمە سەرباری ئەو پشتیوانییەی کە سەرۆککۆمار(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) لێی دەکرد.
بەڵام لە یەکەم کاردانەوەی (داوودئۆغڵو) و هەندێکی سەرکردەکانی پارتیی دادوگەشەپێدان، هەروەها مێدیا لایەنگرەکەیدا ئاماژەیەک هەیە و دەڵێ، سەرۆک (ئەردۆغان) وانەیەک لەو ئەنجامەی هەڵبژاردنە وەرناگرێ و دەست لە پارتەکە هەڵناگرێ، (داوودئۆغڵو)ـیش یەکەم و گەورەترین زیانباری ئەم دۆخەی ئێستایە؛ ئەمەیش کتومت پێچەوانەی زۆرێک لە پێشبینییەکان کەوتەوە کە ئاماژەیان دەدا، چاوێک بە ڕێزەکانی حیزبەکە و کۆشکی سەرۆکایەتیدا بخشێننەوە و گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی حیزبەکەدا بکرێت و، سەربەخۆیی زیاتری بدرێتێ، هەڵبەت ئەمە پاش ئەوەیە کە دەرکەوت شەقامی تورکیا دەستەڵاتی زیاتر و فراوانتری سەرۆکایەتییەکەی (ئەردۆغان)ـی ڕەت دەکردەوە؛ هاوکات دەستوەردان لە کاروباری حکوومەت و سەپاندنی سیاسەتەکانی بووە هۆی پاشەکشەی جەماوەرەکەی.
(داوودئۆغڵو) پاش وەدرەنگکەوتن و دوودڵییەوە دەرکەوت و چووە بەرانبەر جەماوەرەکەی تا سەرکەوتنی حیزبەکەیان ڕابگەیەنێ، کە جگە لە خۆی هیچ کەسی دی درکی پێ نەدەکرد، هەڵبەت ئەمەیش پاش ڕاوێژکردنی بووە بە (ئەردۆغان)، ئامانجیش لێی بڕینی ڕێگەی هەر دەنگێکە لە نێو حیزبدا کە بیەوێ بە هۆی پاشەکشەیان لە دەنگەکانیان، لێپێچینەوە لە بەرپرسانیان بکات.
(ئەردۆغان)ـیش کە خاوەن ئەزموونێکی زۆری سیاسییە، ڕەنگە پلانی هەمەلایەنەی قۆناخی پاشەرۆژی داڕشتبێ، یەکەمیان ڕەتکردنەوەی شکستە و راگەیاندنی سەرکەوتنە، کە ئەمەیشی بۆ دەمکوتکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆنەکەی نێو حیزبەکەیەتی، لە هەمان کاتدا بیەوێ ئۆباڵی ئاڵۆزیی باری ئابووریی وڵاتەکەی بخاتە ئەستۆی ئەو دەنگدەرەوە کە دەنگی بە ئاکەپە نەداوە کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و مانشێتی "دەنگدەر دەنگی بە ناسەقامگیری دا"ـی ڕۆژنامەی 'ستار'ـی سەربە دەستەڵات، ئاماژەکانی دەرکەوتوون.
(داوودئۆغڵو) لە دەرگای سێ حیزبەکەی ئۆپۆزسیۆن دەدات بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی، لە بەرانبەر بە مەرجەکان و پێشبینییە زۆرەکانیشی، ئەوا چەکی قەیرانی دارایی و ئەگەری پەنابردنە بەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بەرەوڕووی دەبنەوە.
(ئەردۆغان) و (داوودئۆغڵو) هەروەها ئۆباڵی پێکنەهێنانی حکوومەت لە ماوەی 45 رۆژی دادێ-ماوە دەستوورییەکە-، دەخەنە ئەستۆی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە و، هەوڵ بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە دەدرێ، بۆ ئەوەی دەنگدەر هۆشی بگەڕێنێتەوە و درک بە هەڵەکەی بکات و پشتیوانیی حکوومەتەکەی بکات لەپێناو دەربازبوون لەو قەیرانە داراییەی بەردەرگەی پێ گرتوون، دەیشزانن کە هێزی ئابووریی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بواریان نادا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنێکی دیکەدا ئەو دەنگانەیان بە دەست بێننەوە و، ئەوە حیزبی حاکمە کە دەتوانێ کەڵک لە توانا داراییەکانی حکوومەت وەربگرێ. بەڵام ئەمە (داوودئۆغڵو) لەو هەوڵەی (ئەردۆغان) دەرباز ناکات کە بیەوێ بیگۆڕێ و بە سەرکردەیەکی دیکەی نوێ بۆ حیزبەکەی بیگۆڕێتەوە، هەڵبەت ئەمەیشی لەپێناو دامرکاندنەوەی ڕقی سەرکردەکانی حزیبەکەیەتی کە بەرپرسارەتیی ئاکامەکانی هەڵبژاردن دەخەنە ئەستۆی ئەوەوە.
لە بەرانبەردا هێشتا ئاماژەکانی سیناریۆی پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی، سەردەستەی سیناریۆکانی دیکەیە، بەڵام هێشتا لەسەر ئەرزی واقیع پاڵنەری بەهێز بۆ ئەم سیناریۆیەی پێکهێنانی حکوومەت دەرنەکەوتوون.
پارتیی نەژادپەرست ڕەتی کردووەتەوە کە بچێتە هاوپەیمانەتیی پێکهێنانی حکوومەتەوە، ئەمە وەک ئەوەی (دەوڵەت باخچەلی) ڕایگەیاندووە، چونکە ئەو پێی وایە ئەمە پیلانی حکوومەت و کوردەکانە کە حکوومەت پێشتر کاری بۆ کردووە تا پارتی گەلی کۆماری(هەدەپە) بچێتە پەرلەمانەوە و دانوستانی نێوانیان کە دەربارەی چارەکردنی پرسی کوردە لەو وڵاتەدا بە یاسایی بکەن و، هاوپەیمانەتیی بکەن و وێکڕا حکوومەت پێک بێنن.
ڕێک پێچەوانەی زۆر لە پێشبینییەکان، هاوپەیمانەتیی حکوومەت و لایەنی کوردییش دانوستانی نێوانیان ئاڵۆزتر دەکات، چونکە ئۆپۆزسیۆنی نەژادپەرست و چەپەکان دەنگی ڕەتکردنەوەی دانوستان لە پەرلەمان و شەقامیش بەرز دەکەنەوە، چارەی کێشەی کوردیش بە زۆرینەی سادەی دەنگ لە پەرلەمان سەر ناگرێ، چونکە ئەم پرسە-چارەی کێشەی کورد- پێویستی بە ڕەزامەندیی بەرفراوانی گەل هەیە.
تاکە ئەگەرێکی لاواز دەمێنێتەوە کە، هاوپەیمانەتیێک دادوگەشەپێدان و پارتی گەلی کۆماری-حیزبە چەپە ئەتاتورکییەکە- کۆ بکاتەوە، ئاخر ئەمەیش هەنگاوێکە کە ئەگەر بێت و (داوودئۆغڵو) بوێر بێ و بینێ، لە هەوڵەکانی (ئەردۆغان)ـیش دەربازی دەبێ، هەروەها بوار دەدات بە پاساوی لێکتێگەیشتن لەگەڵ شەریکێکی نوێ حیزبەکەیشی ببوژێنێتەوە، بە تایبەت کە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری(کەمال کلیچدار ئۆغڵو) بەرنامەی چاکسازیی ئابووری پێشنیاز کردووە کە کتومت لەگەڵ پلانە کۆنەکەی دادوگەشەپێداندا یەک دەگرێتەوە، بەڵام زۆرینە لەسەر ئەو باوەڕەن کە (داوودئۆغڵو) ناتوانێ وەها هەنگاوێک بنێ و هێندەیش بوێر نییە.
ئاژانسەکان- زریان زیاد




