٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەریتانیا ڕاهێنەری سەربازیی زیاتر بۆ عێراق دەنێرێت

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بی‌بی‌سی"، لە پەراوێزی لوتكەی گرووپی "حەوت"ـدا، (دەیڤد كامیرۆن) سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ڕاهێنەری سەبازیی زیاتر ڕەوانەی عێراق دەكەن و، ئەمڕۆ دووشەممەیش لەو بارەیەوە دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراقدا دەكەن.

بەپێی ڕاپۆرتەكە بەریتانیا (١٢٥) ڕاهێنەری سەربازیی دیكە بۆ هێزەكانیان لە عێراقدا زیاد دەكەن و، بەوەیش پاڵپشتیی زیاتری هێزەكانی عێراق دەكەن لە شەڕی داعشدا.

(دەیڤد كامیرۆن) گوتی، چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش گەورەترین هەڕەشەن و، پێویستە لوتكەی گرووپی (حەوت) بە بایەخەوە ئەجێندای دیاریكراوی بۆی هەبێت.

هەڵبەتە بەریتانیا زۆربەی ڕاهێنەرەكانی لە كوردستاندان و مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، (كامیرۆن) ئاماژەی بەوە داوە كە خەڵكێكی تەواویان لە كوردستاندا هەیە بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی پێشمەرگە، لەوانەیە بەشێكی هۆكاری ئەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆستایەتییەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی بەریتانیادا هەیە بە تایبەتی لە ڕووی بازرگانی و، پێشكەوتنی ئابووریی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و بەشەكەی تری دامەزراوەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئازاییەتیان و، تۆماركردنی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیە لە بەرەكانی شەڕدا.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاكانی بەریتانیا، ڕاهێنەرە سەربازییە تازەكان كە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا بگەنە عێراق، (١٠٠)ـیان مەشق بە هێزەكانی عێراق دەكەن لە ڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ بۆمبە چێنراوەكانی سەر ڕێگاكان و ئۆتۆمبیل و ئامێرەكانی تەقینەوە. هەروەها (٢٥) ڕاهێنەرەكەی دیكەیشیان یارمەتیی لۆجیستی پێشكەش دەكەن لە ڕووی دروستكردنی پرد و، كارسازیی ڕێگاوباندا.
شیاوی گوتنە، ئەو ڕێژە تازەیەی ڕاهێنەرە سەربازییەكانی بەریتانیا بە هەموو بنكەكانی مەشقكردندا بڵاو دەكرێنەوە و، بەمەیش كۆی گشتی ڕاهێنەرەكانی بەریتانیا لە عێراقدا دەگاتە (٢٧٥) ڕاهێنەر.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار