حكوومەت لە كێشەكانی بەڵێندەران دەكۆڵیتەوە

سلێمانی-KDP.info-لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانی سلێمانی بەمەبەستی چارەکردنی گرفتەکانیان، سەرۆکوەزیرانی کوردستان پێیراگەیاندن کە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك دادەمەزرێنێت لەگەڵ بەڵیندەران و وەبەرهێنەران قسە دەكات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتەی كە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە ئامادە دەكرێت، حكوومەت بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدات.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 7/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی و بە یاوەری (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و (ڕێباز حەملان) وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە سەرۆكوەزیران سوپاسی خۆی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دووپات كردەوە كە وێڕای قەیرانی دارایی و نەمانی پارە و كێشە داراییەكان، كار و پڕۆژەكانیان ڕانەگرت و گرفتیان بۆ حكوومەت و وەزارەتی دارایی دروست نەكرد و لەسەر كار و پرۆژەكانیان بەردەوام بوون.
سەرۆكوەزیران لە بەردەوامی قسەكانیدا ئاماژەی بە كێشەی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەم كێشەیە زیاتر سیاسییە لەوەی كە كێشەیەكی دارایی بێت بۆ ئەمەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیوا خوازە بە ڕێگەی دیالۆگ كێشەكان چارە بكات و گەرنا حكوومەتی هەرێم بڕیاری خۆی دەدات بە جۆرێك كە لە بەرژوەندی خەڵك و هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتیدا بێت.
دواتر بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی باسی كاریگەری خراپی قەیرانی دارایی لەسەر كار و پرۆژەكانیان كرد و ئاماژەیان بەوە دا ژمارەیەكی زۆری ئەو كار و پڕۆژانەی كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خزمەتگوزاری و بەرژوەندی ڕاستەوخۆی هاوڵاتانەوە هەیە، بەهۆی نەبوونی پارە لە ژێر مەترسی وەستاندان و داوایان كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لە توانادابێت بیكات بۆئەوەی ئەو پڕۆژانە بەردەوام بن و تەواو بكرێن و بكەونە خزمەتی هاوڵاتیان.
لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیران ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك دادەمەزرێنێت لەگەڵ بەڵیندەران و وەبەرهێنەران قسە دەكات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتەی كە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە ئامادە دەكرێت، حكوومەت بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدات.
لای خۆیەوە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و (ڕێباز حەملان) وەزیری دارایی و ئابووری دووپاتیان كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداری كێشە و گرفتەكانی بەڵێندەرانن و لە ڕێگەی ئەو لێژنەیەوە كە سەرۆكوەزیران باسی كرد لە ماوەیەكی نزیكدا بەشێكی زۆری كێشەكانیان چارە دەكرێت تا لەسەر كار و پڕۆژەكانیان بەردەوام بن بە تایبەتیش ئەو پڕۆژانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە كەرت و بوارە جیاجیاكانی خزمەتگوزارییەوە هەیە.




