حكوومەتی هەرێم پشتگیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات

سلێمانی-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو گیانی تەبایی و پێكەوە كاركردنەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی كە وەك تیمێك پێكەوە كار دەكەن و پشتیوانی خۆی و سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دووپات كردنەوە و پیرۆزباییی لێ كردن و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 7/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە یاوەری (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و (ڕێباز حەملان) وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد.
لە وتەیەكدا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆكوەزیران و شاندی یاوەری، هەروەها تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە تایبەتی ئاماژەی بەوە دا كە ئەنجومەنی پارێزگاكەیان بە گیانی پێكەوە كار كردن و وەكو تیمێك بۆ خزمەتی شاری سلێمانی و سنووری پارێزگاكە بە شێوەیەكی گشتی كار دەكەن.
دواتر هەریەكە لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چەندین داواكاری و سەرنج و تێبینیان لەسەر كەرتە خزمەتگوزارییەكان لە بوارەكانی پەروەردە، تەندروستی، کشتوكاڵ، ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان و تەواوی كەرتەكانی دیكەی خزمەتگوزاری خستە ڕوو و داوایان كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە ئەنجومەنی پارێزگا و كار و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری سنوری پارێزگای سلێمانی بە گشتی بكات. هەروەك تیشكیان خستە سەر كۆمەڵێك گیروگرفتی وەك كێشەی زیادەڕۆیی لەسەر زەوی كشتوكاڵی و دروستكردنی خانوبەرە بە زیادەڕۆیی و كێشەی نەمانی پارە لە بانقەكان و چەندین كێشەی دیكە.
لای خۆیەوە هەریەكە لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی و ئابووری وەڵامی یەك بە یەكەی پرسیار و سەرنج و تێبینی بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان دایەوە.
لە كۆتاییدا هەریەكە لە سەرۆكوەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران دووپاتیان كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات و لەگەڵ چارەبوونی قەیرانی داراییش كۆمەڵێك لە داخوازییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكرێنە ئەولەویاتی كاری حكوومەت بۆئەوەی لە زووترین كاتدا جێبەجێ بكرێن بە تایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندییان بە نەمانی پارە لە بانقەكان و ئەو پرۆژانەوە هەیە كە ڕێژەیەكی زۆریان لێ ئەنجامدراوە و چاوەڕێی پارەداركردنی بەشەكانی كۆتایین بۆ ئەوەی بكەونە خزمەتی هاوڵاتیان و ناوچەكەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو گیانی تەبایی و پێكەوە كاركردنەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی كە وەك تیمێك پێكەوە كار دەكەن و پشتیوانی خۆی و سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دووپات كردنەوە و پیرۆزباییی لێ كردن و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.




