داعش بە دەستی منداڵان ژمارەیەک چەکداری خۆی گوللەباران کرد

مووسڵ-KDP.info-داعش لەوەتەی لە مووسڵە کاری تەقاندنەوەی شوێنەوار و مزگەوتەکانی ئەو شارەبووە، ئەمڕۆیش مزگەوتێکی دیکەی تەقاندەوە. بە دەستی منداڵانیش ١١ چەکداری خۆیان گوللەباران کرد.
یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری مووسڵ کە مێژوویەکی کۆنی هەیە، مزگەوتی خەزامە؛ ئەو مزگەوتە ساڵی ١٢٠٢ شێخ (نوورەدین بەسری) دروستی کردووە؛ بەڵام ئەمڕۆ داعش دەستی کرد بە تەقاندنەوەی و هەروەک بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ١٤ی پارتیی دیموکراتی کوردستان (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تیرۆریستان بە بیانووی بوونی گۆڕێک لەنێو ئەو مزگەوتە و هەروەها لەبەر ئەوەی کە خوێندنی ئایینی لەو مزگەوتەدا بە قوتابیان دەگوترایەوە، تەقاندوویانەتەوە."
(مەموزینی) دەڵێ، داعش بە دەستی منداڵان، ١١ چەکداری خۆی گوللەباران کرد، ئەمکارەیش ڕاهینانی منداڵانە لە کوشتن و تۆقین و کردەی تیرۆریستیدا.
بەگوێرەی زانیاری (مەموزینی) تیرۆریستانی داعش وا دووبارە دەستیان کردووەتەوە بە ڕاکردن و ئەمڕۆیش شەش سەرکردەی ئەو ڕێکخراوە کە دووانیان چیچانین بەرەو سووریا رایانکردووە و مووسڵیان جێ هێشتووە.
نهشوان بهرزنجى




