جەبار یاوەر: شەش هەزار پێشمەرگە لە خورماتوون.. قایمقام دەتوانێ داوای هاوكاری لەوان بكات

خورماتوو-KDP.info- دوای كوشتن و رفاندنی هاووڵاتیانی شارۆچكەی خورماتوو، لەلایەن قایمقامی ئەو شارۆچكەیەوە داوا كرا فەوجێكی هێزی پێشمەرگە بۆ شارۆچكەكە رەوانە بكرێت، وەزارەتی پێشمەرگەیش دەڵێت، شەش هەزار پێشمەرگە لە میحوەری خورماتوو هەیە.
(شەلال عەبدول) قایمقامی شارۆچكەی خوورماتوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانمان پێویستمان بە هێز هەیە، بۆیە لە چەند شوێنێك و ڕاگەیاندنەكان و بە فەرمییش داوامان كردووە فەوجێكی هێزەكانی پێشمەرگە ڕەوانەی شارۆچكەی خوورماتوو بكرێت، بەڵام تا ئێستا كەس وەڵامی نەداوینەتەوە، نە وەزارەتی پێشمەرگە و نە هیچ لایەنێكی دیكەیش".
(عەبدول) گوتیشی: "بە گشتی هەموو لایەنەكانی ئەم شارە پێیان باشە كە هێزێكی پێشمەرگە بێت و لەناو شاردا بڵاو بكرێتەوە بە تایبەتی لە ژێر فەرمانی سەرۆكی ئیدارەی شاردا بێت، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین بارودۆخی ناو شارەكە كۆنتڕۆڵ بكەین، سەڕەرای كەمبوونەوەی تەقینەوەكان بە رێژەی 95 لە سەدا، بەڵام پێویستمان بە هێزی زیاترە، لەبەر نەبوونی هێزیش، ناتوانین پلانەكان بە باشی جێبەجێ بكەین، دروستە كە ئاساییش و پۆلیسمان هەن، بەڵام هێزی ئاساییش ژمارەیان كەمە و پۆلیسیش لاوازە، بۆیە نەتوانراوە بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت".
قایمقامی خوورماتوو دەشڵێت، لە مانگی ئایاردا حاڵەتی ڕفاندن لە ناوەندی شارەكە 4 هاووڵاتی بووە و كوژرانیش بەپێی زانیارییەكان 7 هاووڵاتی كوژراون و دوو تەقینەوەیش روویان داوە.
پێوەست بە هەمان پرسیش، (جەبار یاوەر) ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگە 6 هەزار پێشمەرگەی لە چواردەوری خورماتوو هەیە بە ناوی میحوەری خورماتوو، جگە لەوەیش پۆلیسی بەرگری و ناوخۆ و فریاكەوتن و ئاساییش لەناو خورماتوو هەن و رێزمان هەیە بۆ لێدوانی قائیمقامی خورماتوو، بەڵام هیچ نووسراوێكی فەرمی نەهاتووە، لێ ئەگەر نووسراویش بێت، هێزی پێشمەرگە لەوێ هەیە و لە سەرەتای شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە تا ئێستا لەوێن و جەنابی قایمقام دەتوانێت داوا لەوان بكات".
نەشوان بەرزنجی




