فڕۆكەى هاوپەیمانان پیلانهكهى داعشیان تێكشكاند و زیانێكی گەورەیان پێ گەیاندن

رۆژئاوای دیجلە-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان گردبوونەوەیەكی تیرۆریستانی داعشیان لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە كردووەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی عەقید (دڵشاد مەولوود) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە لەبەرچاوگرتنی زانیارییە هەواڵگرییەكانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان گردبوونەوەی ژمارەیەك تیرۆریستی داعشیان لە گوندی (ئاشق) لە بەرانبەر دووڕێیانی كەسكێ لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە كردە ئامانج و چەند جارێك بۆردوومانی ناوچەكەیان كرد".
عەقید (دڵشاد) گوتیشی: "بەپێی زانیارییەكانمان، ئەو گردبوونەوەیەی تیرۆریستانی داعش، بە مەبەستی پیلاندانان بۆ هێرشكردنەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە بووە، بەڵام بە هۆی ئەو بۆردوومانەوە، زۆرینەی ئەو تیرۆریستانەی لەو گردبوونەوەیەی داعش بەشدار بوون، كوژراون" .




