٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بانكی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتی قەرز بە هەرێمی كوردستان دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ‌پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە دوای واژۆكردنی سەرۆكی هەرێم لەسەر یاسای وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی، بەپێی یاساكە هەرێمی كوردستان دەتوانێت لەگەڵ هەر لایەكدا بۆ وەرگرتنی قەرزەكە گفتوگۆ بكات.

رۆژی سێشەممەی ڕابرد، پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتیی پەسەند كرد و، بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایەیش هەرێمی كوردستان دەتوانێت تا 5 ملیار دۆلار لە رێگەی لیژنەیەكەوە قەرزی نێودەوڵەتی وەربگرێت و، بە گوێرەی یاساكەیش هەرێم لە وەرگرتنی قەرز ئازاد دەبێت.


(بەیار تاهیر دۆسكی) پەرلەمانتار لە فڕاكسیۆنی پارتی لە ‌پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی لە پەرلەمان هاتە پەسەندكردن، هەرێمی كوردستان ئازادە لەگەڵ چ لایەنێكی تایبەتی بانكی نێودەوڵەتی یاخود هەر دەوڵەتێكی دیكە مامەڵە بكات بۆ وەرگرتنی قەرز بەپێی ئەو مەرجانەی لە یاساكەدا هاتوون كە بریتین لە چۆنیەتی وەرگرتن و بەكارهێنان و دانەوەی كە لە پێنج ملیار دۆلار زیاتر نەبێت".


وەك ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش زانیویەتی، بانكی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتی هەن دەیانەوێت قەرز بە هەرێمی كوردستان بدەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پیشەسازی و وزە ڕاشیگەیاند: "‌وەكو ئاگادار كراوینەتەوە، چەندین بانكی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتی هەن دەیانەوێت قەرز بە هەرێمی كوردستان بدەن، لەوانە بانكی ناوەندی و نشتیمانیی ئەڵمانیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە قەرز بدات بە هەرێمی كوردستان كە ناووبانگێكی نێودەوڵەتیی هەیە"‌.


حكومەتە دەبێت بە شێوەیەكی وەها قەرزەكە وەربگرێت، بتوانێت لە داهاتوودا بیداتەوە.

(دۆسكی) زیاتر گوتی: "ئەركی حكوومەتە بە شێوەیەكی وا قەرزەكە وەربگرێت، بتوانێت لە داهاتوودا بیداتەوە و نەبێتە بارگرانی لەسەر هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لەو پڕۆژانەیشدا خەرج بكرێت كە دەبنە مایەی بووژاندنەوەی ئابووری و پڕۆژە ستراتیژییەكان كە خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی بە شێوەیەكی گشتی بكەن".
گوتیشی: "بڕوام وایە حكوومەت پیلانی هەیە بە باشترین شێوە سوود لەو پڕۆژانە وەربگرێت و نەبێتە بارگرانی بۆ سەر ئابووریی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا، لە كاتی وەرگرتنی قەرزەكەیش پەرلەمان ئاگادار دەكرێتەوە لە چۆنیەتی وەرگرتنی و هەروەها چۆنیەتیی دانەوەیشی."


لەبارەی هەڵوێستی هەندێك لایەن بۆ واژۆنەكردنی پڕۆژەیاساكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، (بەیار تاهیر) ئاماژەی دا: "لایەنە ئیسلامییەكان پرسی ئابووری و سیاسییان كردە پرسێكی ئیسلامی و ئایینی، ئەمەیش شتێكی دروست نییە، وەكو دەبینین هەرێمی كوردسان لە قەیرانێكی ئابووریدایە و چەندین پڕۆژە ڕاوەستاون، لە ڕوانگەی ئیسلامیشەوە كەسێك یاخود دەوڵەتێك ئەگەر ناچار بوو، مافی هەیە بڕێك وەربگرێت، تا ئێستایش حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەرزەكەی وەرنەگرتووە تا حەرامی بكەن، بۆیە داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەین بە زووترین كات ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكات، چونكە خزمەتی ئابووریی هەرێمی كوردستان بە گشتی دەكات".


نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار