نێچیرڤان بارزانی: تەوافوق لەگەڵ بەغدا وا نابێ.. مانایەک بۆ دەستوور نەماوەتەوە

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی پلاتفۆرمی سلێمانیدا وێڕای نیگەرانییەکانی لە پابەندنەبوونی حکوومەتی (حەیدەر عەبادی) بە ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەم شێوەیە کارکردنە هیچ مانایەک بۆ دەستووری عێراق نامێنێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە پلاتفۆرمی سلێمانی ساز درا کە کۆی پارێزگارەکانی عێراق تییدا بەشدارن و، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)یش لە وتارێکیدا، ئەم پلاتفۆرمەی بە کارێکی باش و دەستپێشخەریێکی گرینگ ناو برد و، هیوای خواست ەل ڕێیەوە بتوانن هەماهەنگییان هەبێ و سوود لە ئەزموونی یەکدی وەرنگرن.
هەر دەربارەی پلاتفۆرمەکە گوتی، بیرۆکەی کۆکردنەوەی کۆی پارێزگاکانی عێراق لە سلێمانی گرینگە؛ هیوامان وایە دروستکردنی هەماهەنگی و ئاڵوگۆری زانیاری ببێتە هۆی پتەوکردنی پێوەندییەکان و خاوکردنەوەی گرژیی نێوان پێکهاتەکان. کاتێک نزیکی لە ڕووی کولتووری و ئابووری و پێکەوە کارکردنەوە دێتە کایەوە گرینگە. هەڵبەت سیاسەتە ناتەوافوقەکانیش پێشکەوتنی ئابووریی عێراقی خستووەتە کێشەوە.
زیاتر گوتی، خەڵکی عێراق لە دۆخێکی خراپدان، هۆکاری ئەم خراپییەیش پشتگوێخستنی دەستوور بوو. هەڵبەت عێراقێکی نوێ وەک ئەوەی عێراقییەکان هیوایان بۆی دەخواست نەهاتە دی.
سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە، بە داخەوە گوێ لە هەرێمی کوردستان نەگیرا لەوەی کە هۆشداری لەبارەی دەستوور دا و (سەرۆک بارزانی)ـیش چەندان جار ئەم پەیامەی داوە، بەڵام بە داخەوە گوێی لێ نەگیرا، هەر بۆیە ماڵوێرانیی خەڵکی عێراقی بەدوادا هات.
سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم هەوڵی زۆری دا بۆ دروستکردنی تەوافوق، هەرچی لەسەر شانی سەرکردایەتییە سیاسییەکەی و خەڵکی هەرێم بوو کردمان تا تەوافوق و یەکسانی بێتە کایەوە.
هەرێم ئێستایش لە هەموو شوێنەکانی دیکەی عێراق زیاتر باوەشیان بۆ ئاوارە و لێقەوماوان بووە و دەیشبێت و شانازییش بەو هەڵوێستەوەیەوە دەکات. بەڵام بە داخەوە حکوومەتی بەغدا بوودجەی لێ بڕی.
گوتیشی، بە داخەوە سیتستمی فیدراڵی بە کردەوە لە عێراقدا ڕەنگی نەدایەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) لە بەشیکی دیکەی وتارەکەیدا گوتیشی، بە هۆی نەدانی بوودجەی هەرێم و بەو هۆیەوەی کە لەگەڵ داعش لە شەڕداین خەڵکی هەرێم لە دۆخێکی ناخۆشدان. دیسان بە داخەوە سەرباری ئەو دۆخە گرانە و دۆخی شەڕ لەگەڵ داعش، حکوومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆی بەرانبەر بە پێشمەرگە بەجێ نەهێناوە، بگرە بەربەستیشیان بۆ دروست دەکەن.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها بیری هێنایەوە کە، لایەنە کوردستانییەکان پار لە سلێمانی بڕیاری بەشداریکردنیان لە حکوومەتی (عەبادی) دا و ڕێککەوتنی نەوتییشمان لەگەڵدا کردن، بڕیار بوو ڕۆژانە ٥٥٠هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێکەی سۆسمۆوە ڕەوانە بکەین لە بەرانبەردا ١٧%ـی بوودجەکەمان بدەنێ، بەڵام بەداخەوە هێشتا بەغدا بایی ئەو ڕێژەی هەناردەیەی نەوتەیش پارەی نەداوەتە هەولێر.
دەمانەوەێ پشتیوانی حکوومەتەکەی (عەبادی) بین تا تەوافوق و یەکسانی بەرقەرار بێ، ئەگینا ئەو دەستوورە جێبەجێ نابێ کە عێراقی لەسەر دامەزراوە.
زیاتر گوتی، ئەو کاتەی سەرۆکوەزیرانی پشیوویش بوودجەی هەرێمی بڕی، هیچ مانایەکی بۆ تەوافوق نەهێشتەوە، سەرۆکوەزیرانی ئێستایش ١٠%ی بوودجەی بڕی و ئەمە عەقڵیەتێکی زۆر مەترسیدارە و، ئاخر تەوافوق پێکەوەیی بەم شێوەیە نابێ.
(نێچیرڤان بارزانی) جەختی کردەوە، پێمان وایە دەبوایە پادداشتی چاکەی خەڵکی کوردستان بدرابایەوە، دەبوایە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە کە مایەی شانازین بۆ هەموو عێراق و جیهانیش، لەبەرچاو بگیرابان.
هەروەها دەڵێ، بەر لەوەی بوودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێ و بکەوێتە دۆخی شەڕی تیرۆرەوە، هەرێم لە پێشکەوتنی بەرچاودا بوو، ئەگەرچی ئێستا بە هۆی ئەو دۆخەوە بەربەست هاتووەتە بەردەمی، بەڵام دڵنیاین کە خەڵکی کوردستان بە خۆڕاگرییەکەی دەگەڕێتەوە دۆخی پێشکەوتنە خێراکانی پێشووی.
سەرۆکوەزیران هەروەها دەڵێ، هەڵبەت دەتوانین لە ڕێی تەوافوق و لێکتێگەیشتن و پێکەوییەوە وڵاتەکەمان-عێراق- بە شێوەیەکی زۆر باش پێش بخەین و هەموویشمان هیوا دەخوازین گەلی عێراق ئاوارە و دەربەدەر نەبن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەو پلاتفۆرمەدا بە دەرفەتیشی بینی کە خواتسی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆی تورکیا رابگەیەنێ و گوتی، پیرۆزبایی ئەم هەڵبژاردنەیان لێ دەکەین، دەخوازین هەڵبژاردنێکی بێگرفت و سەرکەوتوو بێت، دەشخوازین ئەم هەڵبژاردنە ببێتە مایەی پێشوەچوونی پرسی کورد لەو وڵاتەدا و لە ئێستایشەوە پیرۆزبایی سەرکەوتن لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن دەکەم.




