سەرۆكی وڵاتە زلهێز و پیشەسازییەكانی جیهان لە ئەڵمانیا كۆ دەبنەوە

بیبیسی-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بیبیسی" سەرۆكی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە لوتكەی (حەوت) لە (باڤاریان ئالپس)ـی ئەڵمانیادا كۆ دەبنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ (ئەنگڵا مێركڵ) ڕاوێژكاری ئەڵمانیا پێشوازی لە (باراك ئۆباما) سەرۆكی ئەمەریكا، (دەیڤد كامیڕۆن) سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، (فرانسۆ هۆڵاند) سەرۆكی فەڕەنسا، (ستیڤن هارپەر) سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، (شینزۆ ئابێ) سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن و هەروەها (ماتیۆ ڕێنزی) سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا، بكات.
ساڵان لوتكەی (هەشت) بوو، بەڵام بە هۆی دەستتێوەردانەكانی ڕووسیا لە ئۆكراینا، بۆ دوو ساڵە مافی بەشداریكردنی لە لوتكەكەدا نییە و بووەتە لوتكەی (حەوت).
تەوەرەكانی لوتكەكە بریتی دەبن لە پرسی ڕووسیا و پێدەچێت سزا ئابوورییەكانی لەسەر درێژ بكەنەوە، لەهەمان كاتدا هەوڵ بدەن ڕێگاچارە دیپلۆماسییەكان چڕتر بكەنەوە بۆ چارەسەری ئاشتی لەگەڵ ڕووسیادا.
هەڕەشەكانی داعش پرسێكی تری گەرموگوڕی لوتكەی (حەوت) دەبێت و، بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (دەنگیئەمەریكا) لەو لوتكەیەدا هەنگاوی دیكە جگە لە هێرشی ئاسمانی بۆ تێكشكاندنی داعش، باس دەكرێت.
بڕیارە (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراقیش ڕۆژی دووشەممە لە لوتكەكەدا بەشدار دەبێت و، هەروەها لەگەڵ (باراك ئۆباما)ـش لەسەر پرسی هاوكاریكردن بۆ شەڕی داعش كۆ دەبنەوە.
جگە لە داعش، هەڕەشەی چەكدارە توندڕۆكانی تری وەكو (بۆكۆ حەرامییەكان)ـیش باسی لێوە دەكرێت و، هەردوو سەرۆكی نایجیریا و توونسیش ڕۆژی دووشەممە بەشداری دەكەن.
شیاوی گوتنە، ساڵانە سەرۆكی وڵاتە گەورە و پیشەسازییەكانی جیهان كۆ دەبنەوە، ئەمجارەیشیان لە ئەڵمانیا دەبن و (ئەنگێڵا مێركڵ) پێشوازییان لێ دەكات.
(مێركڵ) لە كارنامە سەرەكییەكانی بۆ لوتكەكە، بریتی دەبن لە پرسی داعش و چارەكردنی بنەڕەتیی (ئیبۆلا) لە ئەفەریقا و، قەیرانی دارایی یۆنان و چارەسەری ئاشتی بۆ گرژییەكانی ڕووسیا و ئۆكڕاینا و، هەروەها پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان وڵاتانی لوتكەی (حەوت)ـیش.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەیش داوە، خۆپێشاندەرێكی زۆر ڕژاونەتە شوێنی كۆبوونەوەكە و، بۆ ئەو مەبەستەیش وڵاتی ئەڵمانیا زیاتر لە (١٧) هەزار پۆلیس و ئاساییشی بڵاوە پێكردووە.
و/ خالید ئەحمەد




