ئەمڕۆ لە تورکیا ھەڵبژاردنە

ئانکارا-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، لە توركیا ٥٣ ملیۆن و ٧٦٥ ھەزار و ٢٣١ دەنگدەر بۆ دەستنیشانكردنی پەرلەمانتارانی خولی ٢٥ـەمینی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لە ٨١ پارێزگا ڕویان لە سندووقەكانی دەنگدان کردووە و پڕۆسەی دەنگدانیش لە سەعات ھەشتی بەیانییەوە دەستی پێ کردووە و تا پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لەو ھەڵبژاردنەدا ٢٠ حیزب و قەوارەی سیاسی لە پێشبڕكێدان، بێجگە لە ئاك پارتی، ھەدەپە، جەھەپە و مەھەپە كە لە نێو پەرلەماندا فراكسیۆنیان ھەیە پارتەكانی دیكەیش بۆ ئەوەی نوێنەری خۆیان روانەی پەرلەمان بكەن، ھەوڵ دەدەن و لە سەرانسەری توركیایش بە گشتی ١٦٥ كاندیدی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە.
دابەشكردنی بەڵگە و زانیارییەكانی دەنگدەران رۆژی یەكی حوزەێران كۆتایی پێھاتبوو و ئەو ھاووڵاتییانەی كە بەڵگەی دەنگدانیان وەرنەگرتووە بۆیان ھەیە دەنگ بدەن، ئەوانەی بەڵگەیان پێ نییە بەڵام ناویان ھەیە بە نیشاندانی ناسنامە یا ھەر بەڵگەیەكی فەرمیی دیكە بۆیان ھەیە بەشداری لە پڕۆسەی دەنگداندا بكەن. ھەر دەنگدەرێك كە بیەوێت دەنگ بدات بەڵام ناسنامەیەكی پێ نەبێت كە ژمارەی ناسنامەی كۆماری توركیای پێوە بێت، ئەوا پێویستە لەگەڵ بەڵگەی پێویستدا بەڵگەیەك كە بتوانێت سەلمێنەری ناسنامەی توركیایی بێت نیشان بدات.
لە كاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگداندا ئەو پسوولە ھاوبەشەی دەنگدان بەكار دەھێنرێت كە تایبەت ئامادە كراوە و، نیشان و لۆگۆی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی پێوە دیارە.
سەرباری ئەوەی کە دەنگدەرانی توركیا لە سەعات ھەشتی ئەم بەیانییەوە ڕوویان کردووەتە سندووقەكانی دەنگدان و پڕۆسەکەیش تا سەعات پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر لە كاتی كۆتاییھاتنی ئەو كاتە دیاریکراوەدا خەڵك لەسەر سندووق مابێت و دەنگی نەدابێت، ئەوا دوای ھەژماردنیان لە لایەن سەرۆكی سندووقەكەوە دەتوانن دەنگ بدەن.
ئەو شوێنانەی كە تێیاندا دەنگ دەدرێت ھەموویان شوێنی داخراون و بەو جۆرە ئازادیی دەنگدەر و شاراوەبوونی دەنگەكانیش پارێزراوە.
ھیچ چاودێرێكی پارت و قەوارەكانی سیاسی و چاودێرانی پڕۆسەی دەنگدان بۆیان نییە ھیچ جۆرە رۆزەت، سەمبۆل یا ھیچ جۆرە نیشانە و ھێمایەكی پارت و لایەنێكی سیاسی لەگەڵ خۆیاندا ھەڵبگرن.
سەرۆكی لیژنەی سەندوق و ئەندامەكانی لیژنەكە پێش ئەنجامدانی ھەر كارێك لەبەردەم چاوی ئەوانەی لەسەر سندووقەكان سوێند دەخوات و خاڵی یان بەتاڵبوونی سندووقەكە كۆنترۆڵ دەكات.
هەروەک باوە لەو وڵاتەدا، رۆژی دەنگدان لە سەعات شەشەوە تا سەعات ١٢ شەو بە ھیچ شێوەیەك كهولیات نافرۆشرێت، لە شوێنەكانی گشتی و كهولییە فرۆشییەكاندا خواردنەوەی كهولییەكان قەدەغەیە، شوێنەكانی رابورادن لە پڕۆسەی دەنگداندا داخراو دەبن.
بێجگە لەوانەی كە بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەت، ھیچ كەس بۆ نییە چەك ھەڵبگرێت و تا سەعات شەشی ئێوارە ھیچ دەزگایەكی راگەیاندن بۆی نییە لە بارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەوە شرۆڤە بكات و پێشبینییەكانی بخاتە ڕوو و، دەزگاكانی راگەیاندن لە سەعات شەشەوە تا سەعات نۆ تەنیا ئەو زانیارییانە بڵاو دەكەنەوە كە لە لایەن كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەوە بڵاو دەكرێنەوە. پڕۆسەی بڵاوكردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن لە دوای سەعات نۆی شەو سەربەست دەبێت.




