٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەم هەفتەیە لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دوو جار كۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور رایگەیاند، ئەو كۆبوونەوانەی تا ئێستا لەسەر ئامادەكردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی كراون، زۆر ئەرێنی بوون  و ئەنجامی باشیشیان هەبووە. دەشڵێت، هەموو لایەنەكان لەسەر دیباجەی دەستوور ڕێك كەوتوون و بەیانی و دووبەیانیش جارێكی دیكە لیژنەكە كۆ دەبێتەوە.

(د. فرسەت سۆفی) ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان، تا ئێستا چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام دراون و تێیاندا هەموو لایەنەكان لەگەڵ یەكدیدا هاوڕا بوون و سەرەتایەكی باش و دڵخۆشكەرمان بۆ ئامادەكردنی دەستوور دەست پێكردووە، سەرجەم لایەنەكانیش لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە بە زووترین كات دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان بنووسنەوە".
(سۆفی) گوتیشی: "دوای نووسینەوەی دیباجە كە لەسەری ڕێك كەوتووین، دەست بە نووسینەوەی پرەنسیپ و ماددە گشتییەكانی دەستوور دەكرێت، بڕیاریش وایە پاشان گفتوگۆ لەسەر خاڵە هاوبەشەكان و خاڵە ناكۆكەكانیش بكەین".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور ئاماژەیشی دا، تا كو ئێستا لیژنەكە شەش كۆبوونەوەی ئەنجام داوە و بەیانی و دووبەیانییش جارێكی دیكە كۆ دەبێتەوە.
بە پێی یاسای ئامادەكردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی، ئەو لیژنەیە 90 رۆژی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی دەستوور بۆ ڕاپرسی ئامادە بكات، ئەگەر پێویستیش كرا پەرلەمان بۆی هەیە كاتەكە درێژ بكاتەوە.

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار