راوێژکاری سەرۆکی فەرەنسا: لە پشتیوانی هەرێم بەردەوام دەبین
__2015_06_05_h21m23s53__RM.jpg)
فەرەنسا-KDP.info-راوێژکاری سەرۆکی فەرەنسا وێڕاى ستاییشی سەرکەوتنەکانى هێزى پیشمەرگەی لە شەڕى دژ بەداعش کرد، دووپاتیشی دەکاتەوە کە وڵاتەکەى لە پشتیوانی و هاوکارییە سەربازییەکانى بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت.
لە میانەى سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ پاریس، رۆژى هەینى 5/6/2015 (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ (ئیمانوێل بۆن) راوێژکارى سەرۆکى فەڕەنسا (فرانسوا هۆلاند) کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا کە دارا بەکر نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە فەڕەنساو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانى پێشکەوتوو لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئامادەى بوون، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە نوێنەرى تازەى حکوومەتى هەرێمى لە فەڕەنسا ناساندو هیواى خواست دیارىکردنى نوێنەرى تازەى حکوومەت لە فەڕەنسا پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و فەڕەنسا بباتە ئاستێکى پێشکەوتووتر. هەر لەم رووەوە هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوانیان لە بوارى سیاسى و ئابوورى و کەلتورى کردەوە.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى حکوومەتى فەڕەنساى کرد بۆ هاوکارى و پشتیوانیان لە هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژ بە داعش، هاوکات داواى کرد کە ئەو پشتیوانیانە بەردەوام بێت و هانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بدرێت بۆ هاوکارىکردنى هێزى پیشمەرگەى کوردستان لە دابین کردنى چەک و پێداویستى سەربازى و راهینانى هێزەکانى پێشمەرگە.
هەروەها گووتى هەرێمى کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندیەکانى لەگەڵ ووڵاتى فەڕەنسا و هاوکارى و پشتیوانیەکانى بەهەند هەڵدەگرێت، بە تایبەتى سەردانى سەرۆکى فەڕەنسا و بەرپرسانى دیکەی باڵاى ئەو وڵاتە بۆ هەرێم وەک پشتیوانیەکى گەورە دەبینێت، ئەمەش جگە لە پەیوەندى لە مێژینەو دۆستانەى نێوان هەردوولا.
دواتر تیشکى خستەسەر بارودۆخى مرۆیی گووتى کە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 1.5 ملیۆن ئاوارەى ناوخۆ و پەناهەندەى لەخۆ گرتووە، ئەمەش جگە لە پتر لە 50 هەزار ئاوارەى ترى رومادى کە بەم دواییانە روویان لە هەرێم کردووە بەهۆى کەوتنى ئەو شارە و داگیرکردنى لە لایەن داعش دواى پاشەکشەى سوپاى عێراق. گووتیشى کە پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هاوکارى هەرێمى کوردستان بکات، بەتایبەتى کە حکومەتى هەرێم لە قەیرانێکى داراییدایە بەهۆى بڕینى بەشە بودجەى هەرێم لە لایەن حکومەتى فیدڕاڵ.
لاى خۆشیەوە راوێژکارى سەرۆکى فەڕەنسا وێڕاى ستایشکردنى سەرکەوتنەکانى هێزى پیشمەرگە لە شەڕى دژى داعش گووتى کە وڵاتەکەى لە پشتیوانی و هاوکاریە سەربازیەکانى بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت. هەروەها گووتى کە پێویستە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کارى زیاتربکات بۆ ئەو قەیرانە مرۆییەى کە لە ناوچەکە هەیەو رێژەى زۆرى ئاوارەو پەناهەندەکان لەبەرچاو بگیرێت.
سەبارەت بە پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە گووتى ئێمە چاوەڕێ بووین دواى رێکەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە بەپێى یاساى بودجە بەغدا ئەرکەکانى خۆى بەرامبەر بە هەرێم جێبەجێ بکات بەپێى ئەو یاسایە، بۆیە لەم رووەوە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرى کێشەو گرفتە داراییەکانى نێوان هەردوولا بەپێى یاساى بودجەى پەسەندکراو.




